مەزڵووم عەبدی: پابەندین بە ڕێککەوتنی 10ـی ئادار

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەندی خۆی بۆ ڕێککەوتنی 10ـی ئادار دووپاتکردەوە و ئامادەیی دەربڕی بۆ درێژەدان بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2025، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات( هەسەدە)  لەگەڵ چارڵز براد کوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆبووەوە.

میدیاکانی نزیک لە هەسەدە بڵاویانکردووەتەوە، براد کوپەر فەرماندەی سێنتکۆم لە سەردانەکەیدا بۆ ڕۆژئاوای کودستان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبووەتەوە.

 لە میانەی کۆبوونەوەکە دا، کوپەر جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتیی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی هەسەدە کردەوە و ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە کارکردنی پێکەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەروەها بۆ پاراستنی کەمپەکانی داعش و پاراستنی ئەو زیندانانەی دەستگیرکراوانی داعشیان تێدایە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەی نێوانیان باس لە دۆخی ئێستای وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق کرا.

لەلای خۆیەوە مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوەدا، پابەندن بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار و درێژەدان بە پرۆسەی دانوستان، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی گرتنەبەری هەنگاوی دیاریکراوی حکوومەتی سوریا کردەوە بۆ دروستکردنی متمانە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment