له‌ پاریس ڕێز له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌گیرێت

پاریس پرێس: هێزی پێشمه‌رگه‌ هێمای قوربانیدان و خه‌باتی گه‌لی كورده

ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی شارەوانیی پاریس، وەک ڕێزێک بۆ قوربانییانی پێشمەرگە، پارک و شەقامی پێشمەرگە لە پاریس دەکەنەوە.

پێگەی پاریس پرێسی فەرەنسی بڵاوی کردەوە، هێزی پێشمەرگە هێمای قوربانیدان و خەباتی گەلی کوردە لەپێناو ئازادی و مافە ڕەوانەکانیان. هەروەها هەردوو شاری پاریس و هەولێر پەیوەندیی زۆر پتەویان هەیە، لە ساڵی 2019 سەرۆکی شارەوانیی پاریس سەردانی هەولێری کردووە و یاداشتنامەی هاوڕێیەتییان واژۆ کردووە.

ئەو پێگە فەرەنسیە جەخت دەکاتەوە، پاریس شانازی دەکات بەوەی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کوردی لە خۆگرتووە لەماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا.

ئەمڕۆ لە شاری پاریس پایتەختی وڵاتی فەرەنسا، لە پارکی 'ئۆندرێ سیترۆی'ن لە ڕێورەسمێکی شایستەدا بە ئامادەبوونی سەرۆک و پێشمەرگە، سەرۆک بارزانی، پەردە لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لا دەدرێت، 80 ساڵ ڕێچکەی پێشمەرگایەتی پێشمەرگە، حیکمەت و دانایی سەرۆک و پێشمەرگە سەرۆک بارزانی وای کردووە ڕۆژ بە ڕۆژ دۆزی کورد قۆناغی گرنگ لە مێژووی سیاسیبوون و ناسراوبوونی شوناسەکەی ببڕێت. هەروەک چۆن کورد و ئاشتی و گیانفیدایی ڕەگیان لە خاکی کوردستان داکوتیووە بەهەمان شێوە گەلانی ئازادیخواز و ئاشتیپارێز دەستیان لە دەستی کورد نابێتەوە.

 ئەمڕۆ لە پاریس لەپایتەختی وڵاتی فەرەنسا ڕێورەسم و چالاکی جۆراو جۆر بەڕێوە دەچن کە گوزارشت لە ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی پیشمەرگە و گەلی کوردستان دەکەن. سەرۆک بارزانی هەروەها شاندێکی هەرێمی کوردستان و سەدان میوان  لە ڕێورەسم و چالاکییەکان ئامادە دەبن، جیا لە ئامادەبوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی دێرین، کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی لەسەر ئاستی فەرەنسا و وڵاتانی ئەورووپی بەشداریی چالاکییەکان دەبن، دۆستایەتی گەلی کورد و گەلی فەرەنسا هەڵقوڵاوی پەیوەندییەکی مێژووییە. کە ئەم پەیوەندییە قۆناغ دوای قۆناغ بە تێپەڕبوونی کات بە هۆکاری ئامانجی هاوبەش تۆکمەتر بوون. 

فەرەنسا ئەو وڵاتەی بە درێژایی مێژوو، بە دۆستی کورد ناسراوە و سەرکردەکانیان بەردەوام سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەتەنگانەدا دەستی هاوکارییان بۆ گەلی کورد درێژ کردووە. بە تایبەتی لە کۆڕەوە ملیۆنییەکەی کورد لە 1991 خاتوو دانیێل میتێران، هاوسەری فرانسوا میتێران سەرۆکی پێشتووتری فەرەنسا سەردانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و بەچاوی خۆی ئەو نەهامەتییەی بینی کە بەسەر کورددا هاتبوو.

لادانی پەردە لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لە پایتەختی وڵاتێکی وەک فەرەنسا، مانا و مەبەستی گەورەی لە پشتە، کە ناوی پێشمەرگە دێت لە بیرکردنەوەی زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری، ڕۆڵەیەکی ئازا و گیانفیدا وێنا دەکرێت. وەکو پێناسەیەکی سەرەکی بە بەردەوامی باس لەوە کراوە کە پێشمەرگە بۆ نەتەوەکەی خەبات دەکات و ئامادەیە لەو پێناوەدا گیانی خۆی بەخت بکات. 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment