ژمارەیەک پێشمەرگە لەکاتی کردنەوەی پارکی پێشمەرگە لە پاریس ئامادەن

ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە لە کاتی کردنەوەی شەقامی پێشمەرگە لە پاریس ئامادە دەبن و هاوکارییەکانی فەرەنسا لە شەڕی دژ بە داعش بەرز دەنرخێنن.
ئاوارە هەورامانی، پەیامنێری کوردستان24، لە پاریس، ئەمڕۆ 5ـی ئەیلوولی 2025، ڕایگەیاند: کەمێکی دیکە بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی شەقام و پارکێک بەناوی پێشمەرگە دەکاتەوە، ئەمەش نیشاندەری پەیوەندییە بەهێزەکانی کورد و گەلی فەرەنسا نیشان دەدات.
یەکێک لەو پێشمەرگانەی لەوێ ئامادەیە، قسەی بۆ پەیامنێری کوردستان24ـی کرد و ڕاگەیاند: کردنەوەی پارکێک و شەقامێک بەناوی پێشمەرگە لە سەنتەری پاریس زۆر مانا هەڵدەگرێت، ئەمەش شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمەی پێشمەرگە، لە شەڕی داعش هاوکارییەکی زۆری هێزەکانی پێشمەرگە کرا.
ئەو پێشمەرگەیە ئاماژەی بەوە کرد، هەموو دەستکەوت و پێشکەوتنانەی هەن، بەهۆی گیانفیدایی پێشمەرگەوە بووە.
هەروەها پێنجشەممە 5ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆک بارزانی، لە نێو باڵەخانەی شارەوانیی پاریس، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: زۆر خۆشحاڵم کە سەردانی پاریسم کردووە و سوپاسی ئەنجوومەنی شارەوانیی شارەکە دەکەم.
لە بارەی لادانی پەردە لەسەر تابلۆی پێشمەرگە و کردنەوەی شەقامی پێشمەرگە لە پاریس، سەرۆک بارزانی گوتی: ئەمە کارێکی زۆر گرنگ و مێژووییە، نیشاندەری ئەوەیە کە پەیوەندیی گەلی کوردستان و فەرەنسا مێژووییە و بەردەوامی بەو پەیوەندیییانە دەدەین.
دەشڵیت: ناونانی شەقامێک لە پاریس بە ناوی پێشمەرگە، بەڵگەیەکی گەورەیە لەسەر گرنگیدانی فەرەنسا بە گەلی کورد.
سەرۆک بارزانی گوتیشی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر گرنگ و مێژووییە و پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم بۆ ئەم ڕێوڕەسم و ڕۆژە پیرۆزە.