ئان هیدالگۆ: ڕێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس هێمای برایەتی و ئازادییە

ئەمڕۆ هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس، ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانی پاریس، ڕایگەیاند ئەمڕۆ ڕێڕەوێک لە زۆنی 15ی پاریس بە فەرمی بەناوی "پێشمەرگە" کردمانەوە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی برایەتی و دۆستایەتی نێوانمانە لەگەڵ کورد و پێشمەرگە.
لەڕێوڕەسمەکە، سەرۆکی شارەوانی پاریس سڵاوی خۆی ئاڕاستەی "سەرۆک بارزانی" و سەرکردەکانی گەلی کورد کرد، هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی وەزیرێک کرد، ماوەیەکی زۆرە پاڵپشتی پەیوەندییەکانی فەرەنسا و گەلی کورد بووە. هیدالگۆ جەختی لەسەر گرنگی گەیاندنی "دۆستایەتی و خۆشەویستی گەلی کورد بۆ ناو گەلی فەرەنسی" کردەوە.
سەرۆکی شارەوانی پاریس ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەی کرد و ڕایگەیاند: "جەنگی گەلی کورد نیشانەی هێمای ئازادی و یەکسانییە لە نێوان ئافرەت و پیاواندا. ئێمە هەمیشە پاڵپشتی دەکەین، چونکە ئەو یەکسانییە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئێمە هەیە."
هیدالگۆ ئاماژەی بە مێژووی پەیوەندییەکان کرد و گوتی: "ماوەی چەندان ساڵە، بە تایبەت ڕۆڵی سەرۆک مەلا مستەفای بارزانی، شارد دێ گۆل، سەرۆک بارزانی، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ دانیال میتران، ئەو هاوڕێیەتی و دۆستایەتییەی دروست کردووە کە ئەمڕۆ لێرە پێکەوە کۆببینەوە."
لەبارەی بڕیاری ناونانی ڕێڕەوەکە، هیدالگۆ ڕوونی کردەوە، "بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە زیندوو بمێنێتەوە کە لە شارەوانی پاریس بڕیارمان لەسەری دا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ پێشمەرگەکان، بۆ ئافرەت و پیاوی جەنگاوەری کورد و ئەو دۆستایەتییەی لەگەڵ گەلی کورد هەیە." هەروەها جەختی لەسەر بنەماکانی یەکسانی و مافی مرۆڤ کردەوە، کە پاریس لە پێناویدا دەجەنگێت.
ئان هیدالگۆ، یادگارییەکانی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی 2015 هێنایەوە، کاتێک پێشمەرگە لە جەنگدا بوو دژ بە داعش، "کاتێک من هاتمە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت هەولێر، ئێوەی پێشمەرگە لە جەنگدابوون دژ بە داعش. هاتمە ئەوێ بۆ ئەوەی پێتان بڵێم سوپاس بۆ ئازایەتیتان و ئەو جەنگەی کە ئێوە دەیکەن، چونکە ئێمە لێرە لە پاریس تووشی هەمان جەنگ بووین کە ئێوە لێرە بۆی جەنگان." ئەو هاوسۆزی خۆی دەربڕی بۆ ئەو ئازارانەی پاریس بەهۆی کردەوە تیرۆریستییەکانەوە چەشتوویەتی.
لە کۆتاییدا، سەرۆکی شارەوانی پاریس سەرسامیی خۆی بە سەرکردایەتی کورد مەسعوود بارزانی دەربڕی و گوتی: "ئێوە جەنگاوەری قارەمانتان هەبوو کە پێشمەرگەن. کاتێک من هاتمە عێراق و چاوم پێتان کەوت، سەرسام بووم، بەوەی هاتی پێش ئەوەی بچیتە بەرەکانی جەنگ چاوت بە من بکەوێت، سەرسام بووم بەو قارەمانییەتی و هێزەی کە ئێوە هەتانبوو. ئێوە جەنگەکەتان بۆ سەرکەوتن برد و کاریگەرییەکی زۆرتان هەبوو لەسەر جووڵانەوەیەکی نوێی گەلی کورد.
ڕاشیگەیاند، لە ساڵی 2019ەوە، من پێشنیازم کرد کە هەماهەنگییەکی بەهێز لەگەڵ پارێزگاری هەولێر دروست بکەین.
هەروەها لە ساڵی 2023، بەختم هەبوو، هاتمە کوردستان و ئامادەی کردنەوەی مۆزەخانەی بارزانی لە دەڤەری بارزان بووم. کاتێکی خۆش و دۆستانە و هاوڕێیانەمان بەسەر برد. ئەمڕۆش بە خۆشحاڵی و شانازییەوە بەخێرهاتنی سەرۆک بارزانی دەکەم بۆ پاریس. شانازی بەوە دەکەم کە ڕێڕەوی و پەیکەری پێشمەرگە خۆر ببینێت لە پاریس، لە پارکی ئەندرێ سیترۆین، وەک ڕێزلێنانێک بۆ ئەو پێشمەرگانەی جەنگیان کرد و ڕووبەڕووی مەرگ بوونەوە، بۆ بەرگریی و ئازادیی لە مافەکانی کورد.
ئان هیدالگۆ دەشڵێت: پێشمەرگە و کورد دووانەیەکی لێکدانەبراون و لێک جیانابنەوە، چونکە ئامانجێکیان هەیە: سەربەخۆیی، ئازادی و مافەکانیان. ئەوە وای کرد، ئێمە لە پاریس خۆشەویستیمان بۆ کورد زۆر بێت. هەروەها ئێمە لەبیرمانە ئێوە چۆن داکۆکیتان لە ئازادیی ئێمە کرد، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە فەرەنسا. 13ـی ئەیلوولی داهاتوو، ساڵڕۆژی هێرشە تیرۆریستییەکەی پاریسە. هیوادارین ئێوە بتوانن لەگەڵ فەرەنسییەکان لێرە ئامادە بن، لە ڕێوڕەسمێکدا کە سەرۆک ماکرۆن ئامادەی دەبێت. بەبێ ئێوە ئێمە نەماندەتوانی بگەینە ئەمڕۆژەی کە لێرەین. لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، ئێوە قارەمانییەتیتان لێرە و لەوێ نواند و بەرگریتان لەو پرەنسیپانە کرد کە هی ئێمەن.
لە کۆتایی وتەکانیدا ئان هیدالگۆ گوتیشی: ئێمە لە ڕووخانی دیکتاتۆر سەدام حسێن بەشداریمان کردووە، هەروەه ئێمە لەگەڵ ئەو نیمچە سەربەخۆییەین کە کوردستان لە دوای ساڵی 2003 هەیەتی. ئەو کارەی پێشمەرگە کردی، بووە هۆی ئەوەی ببێتە هێزی بەرگریی کوردستان. بەتایبەت ئەو ڕۆڵەی لەناو هێزەکەدا بە ئافرەتان دراوە، کە خەبات و تێکۆشانیان دژ بە داعش کرد. ئەوەش شێوازێکە بۆ دەربڕینی هەستمان دەربارەی ئەو ژنانەی شانبەشانی پیاوان جەنگان.