هاوپەیمانیی مەسیحی: کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس ڕووداوێکی مێژووییە

هاوپەیمانیی مەسیحی لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: ناونانی ڕێڕەوێک بەناوی پێشمەرگە لە پاریس، ڕووداوێکی میژووییە.
هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی کردنەوەی ڕیڕەوێک بەناوی پێشمەرگە لە پارکی لە ئۆندرێ سیترۆێن لە پاریس، لەلایەن سەرۆک بارزانی، بەیاننامەیەکی دەرکردووە و تێیدا سوپاسی حکوومەت و گەلی فەرەنسایان کردووە بۆ بەناوکردنی ڕێڕەوێک بەناوی پێشمەرگە، دەڵێت: ئەمە بەردەوامیی پشتیوانیی فەرەنسا بۆ دۆزی کورد نیشان دەدات، ئەوان دۆستی ڕاستگۆی کوردستانن لە کاروانی ئاشتی و ئازادی، دەشڵێت: ئێمە بەشداریی ئەو ڕۆژە مێژووییە لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەکەین، ناوهێنانی ڕێڕەوێک بەناوی پێشمەرگە، داننانێکی نێودەوڵەتییە بە قوربانیدانی پێشمەرگە لەپێناو پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەکان.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئێمە هەڵوێستی سەرۆک بارزانی لەیاد ناکەین کاتێک بە کریستیانەکانی گوت: کوردستان وڵاتی ئێوەیە، بەیەکەوە دەژین و دەمرین، ئاماژە بەوەش دەکات، سەرۆک بارزانی، پارێزەری پێکهاتەکانە لە هەرێمی کوردستان بە مەسیحی و موسڵمانان و ئێزدی و کاکەیی و پێکهاتەکانی دیکەش.
هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، بەو بۆنە مێژووییەوە، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەن و دووپاتی دەکەنەوە کە، هاوشانی خەبات و تێکۆشانیان دەبن لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.