شڤان پەروەر: سەرۆک بارزانی سیمبولە بۆ هێزی پێشمەرگە

شڤان پەروەر باس لەوە دەکات، کردنەوەی ڕێڕەوێک بەناوی پێشمەرگە گرنگییەکی زۆری هەیە و گەلی فەرەنسا بایەخێکی زۆر دەداتە هێزی پێشمەرگە.
شڤان پەروەر، هونەرمەند، ئەمڕۆ هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ناوی پێشمەرگە لای ئێمە بەها و تایبەتمەندی خۆی هەیە، هێز و ناسنامەیە بۆ گەلی کورد، هەروەها سەرۆک بارزانی سیمبولە بۆ هێزی پێشمەرگە، گەلی فەرەنسا بایەخێکی زۆر دەداتە پێشمەرگە.
ئەو هونەرمەندە دەڵێت: من و سەرۆک بارزانی یەکترمان خۆشدەوێت، لە ڕابردوو زۆر ناخۆشی و ئازاریان چێشتووە، هەموو کوردێکی خۆش دەوێت لە هەر پارچەیەکی جیهان بێت.
هەروەها گوتی: ئێمە لەڕێگەی هونەرەوە خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە دەدەینە بەرگوێی هەزاران کەس، لەم ڕێگەیەوە زۆر ئەشکەنجە و ناخۆشیمان بینیوە، ئەمە جگە لەوەی خەڵکانێک هەبوونە تەنیا لەبەر ئەوەی گوێبیستی گۆرانییەکانی ئێمە بوونە ئەشکەنجە دراون و خراونەتە زیندانەوە.
باسی لەوەش کرد، تەنانەت چەندین جار، دایکانی کورد هاتوونەتە لام و گووتویان کوڕەکەم بەهۆی گوێ گرتن لە گۆرانییە نیشتیمانییەکان زیندانیکراوە و ئەشکنجەدراوە، گۆرانییەکانم هەموویان چیرۆکێک و تایبەتمەندی خۆیان هەیە.
ئەمڕۆ هەینی، 5ی ئەیلوولی 2025، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە پارکی ئۆندرێ سیترۆێن، پەردەی لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادا، هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بۆ پاریس و ناونانی پارکێک بە ناوی پێشمەرگە دەربڕی.
سەرۆک بارزانی گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی کوردستان، فەرەنسا بە درێژایی مێژوو هەمیشە هەڵوێستی مرۆڤایەتی و دۆستایەتی بەرانبەر بە گەلی کوردستان هەبوو.