دلاوەر ئاژگەیی: کردنەوەی پارکی پێشمەرگە لە وڵاتێکی خاوەن ڤیتۆ و داڕێژەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا گرنگی خۆی هەیە

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی دا، کردنەوەی پارکێک بە ناوی پێشمەرگە لە وڵاتێکی ئەورووپی خاوەن ڤیتۆ و داڕێژەری سیاستەی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا گرنگی خۆی هەیە.
هەینی 5ــی ئەیلوولی 2025، دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا بە کوردستان24ی گوت: لە چوارچێوەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ کردنەوەی پارک و ڕێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس، چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بە پرسانی فەرەنسا کردووە و ئەمڕۆ کۆبوونەوەکان تەواو دەبن، بڕیاریشە کەمێکی دیکە لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆ ببێتەوە. ئەمەش پەرە بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا و وڵاتانی دیکە دەدات.
باسیشی لەوە کرد، لە کۆبووەنەوەکاندا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق، ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیری ناوچەکە باس دەکرێت.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەشی دا، کردنەوەی پارکی پێشمەرگە لە وڵاتێکی وەکوو فەرەنسا، گرنگی خۆی هەیە، چونکە فەرەنسا یەکێکە لە وڵاتە بەهێزەکانی یەکێتیی ئەورووپا و خاوەن ڤیتۆ و داڕێژەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپایە، هاوکات فەرەنسا و کوردستان پەیوەندییەکانی مێژووییان هەیە و هەمیشە لە کاتە سەختەکان پشتگیری هەرێمی کوردستانی کردووە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشی پشتیوانی بووە.
لەبارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی، ئاژگەیی گوتی: بە لای سەرۆک بارزانییەوە پرسی کورد لە سیاسەت گرنگترە، بۆیە هەمیشە لە کاتی پێویست بە سیاسەتی خۆی پشتگیری بەشەکانی دیکەی کوردستانی کردووە، ئەمەش وای کردووە هەر چوار پارچەی کوردستان بە سەرۆکی خۆیان ببینن. ئاماژەشی دا، بانگهێشتکردنی سەرۆک بارزانی بۆ فەرەنسا، وەک سیمبولێک و ڕێزگرتن لە پێشمەرگە بوو، چونکە کردنەوەی پارکێک بە ناوێکی کوردی بڕیارێکی ئاسان نییە، هەروەها زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا هەمان ڕێز و تێڕوانینیان بۆ پێشمەرگە و هەیە، ئەمەش کارێکی زۆری بۆ کراوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، ڕێکەوتنی نێوان ئەمەریکا و عێراق بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق، وڵاتانی ئەورووپا ناگرێتەوە و ئەوان لە پشتگیری پێشمەرگە بەردەوام دەبن. گوتیشی: لە مانگی داهاتوو کۆبوونەوەیەک لە نێوان یەکێتیی ئەورووپا و عێراق دەکرێت و ئێمەش لە کۆبوونەوەکە بەشدار دەبین، لەوێ باس لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەکرێت، چونکە پەیوەندییەکانیان بۆ یەکێتیی ئەورووپا زۆر گرنگە، ئاماژەشی دا، ئەگەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا تێک بچێت، ئەوا کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و یەکێتیی ئەورووپا دەبێت.
باسی لەوەش کرد، یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت هەولێر و بەغدا لەسەر ڕێککەوتنێکی دوو لایەن ڕێک بکەون، بە شێوەیەک لە بەرژەوەندیی هەر دوو لایەن بێت.
ئەمڕۆ هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆک بارزانی، لە پارکی لە ئۆندرێ سیترۆێن، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، پەردەی لەسەر تابلۆی(پێشمەرگە) لادا.