سەرۆک بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختییان لە برەودان بە پەیوەندییەکانییان کردەوە

کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پاریس کۆتایی هات و جەختییان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوانیان کردووەتەوە.
هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باس لە پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و پرۆسەی سیاسی ناوچەکە و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کراوە. هەروەها مەترسی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە پرسێکی دیکە بوو کە گفتوگۆیان لە بارەوە کراوە.
پەیامنێری کوردستان24 زانیویەتی: سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە پەیوەندی مێژووی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردووە، هاوکات بەهۆی پشتگیری فەرەنسا لە پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان ستایشی ئەو وڵاتەی کردووە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆبوونەوەکەدا، جەختی لە بەردەوامی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردووەتەوە، هەروەها دووپاتی کردووەتەوە لە پشتگیری پێشمەرگە بەردەوام دەبن.
ئەمڕۆ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و لە پارکی ئۆندرێ سیترۆێن، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی پەردەی لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادا، هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی: فەرەنسا بە درێژایی مێژوو، هەموو کات هەڵوێستی مرۆڤایەتی و دۆستایەتیی بەرانبەر بە گەلی کوردستان بووە و لە سەردەمی ژەنەراڵ دیگۆل تا ئەمڕۆ هەموو کات فەرەنسا پشتیوانی دۆزی گەلی کوردستان بووە و یەکەم وڵات بووە ڕێگەی داوە ئەنستیتۆی کوردستانی لە پاریس بکرێتەوە.