دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: سهرۆكی هاوپهیمانیی نیشتمانیی بێسهروشوێنه
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕای گشتی له دۆسیهی لالهزار ئاگادار دهكاتهوه

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە هەندێک بابەتی پەیوەست بە ڕووداوی شەڕەکەی لالەزار لە سلێمانی پهیامێكی ئاراستهی سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆکایەتیی حکوومەت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەری، نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسوڵخانە و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان كردووه و ڕایدهگهیهنێت، بەردەوامن لە چاودێریکردنی پێشهاتەکان و سۆراغکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە کەسوکاریان زانیارییان لە بارەیانهوه نییە و بێسەروشوێنن.
هەینی، 5ـی ئەیلوولی 2025، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە هەندێک بابەتی پەیوەست بە ڕووداوی شەڕەکەی لالەزار لە سلێمانی و کەیسی ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی حزبی هاوپەیمانی، پهیامێكی ئاراستهی سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆکایەتیی حکوومەت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەری، نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسوڵخانە و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان كردووه و ڕایدهگهیهنێت، نزیکەی پازدە ڕۆژ بەسەر ڕووداوی شەڕەکەی لالەزار لە شاری سلێمانی تێدەپەڕێت و دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوامە لە چاودێریکردنی پێشهاتەکان و سۆراغکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە کەسوکاریان زانیارییان لە بارەیانهوه نییە و بێسەروشوێنن.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ له پهیامهكهیدا دهڵێت، پاش ماوەیەک لە چاوەڕوانی بۆ زانینی سۆراغی ئەو کەسانەی تا ئێستا هیچ هەواڵێکیان لە بارەوە نازانرێت، دەزگای ئاسایش/ سلێمانی لە ڕێگەی ڕاوێژکارێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤەوە پێی ڕاگەیاندوون، دوایین لیستی ناوی بێسهروشوێنان کە بۆ دەزگای ئاسایش نێر دراوە، لەلای ئێمە نین تەنیا ئەو ئامارەی جاری پێشوو تر کە بە دەستەمان دابوو، لە لای ئاسایشی سلێمانین.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دهشڵێت، بەپێی زانیاری و بەدواداچوونی ئێمە ئەو کەسانەی نادیارن بەشێکیان لە دژەتیرۆر یان کوماندۆی سلێمانین، ڕێگا پێنەدان و پێنهدانی زانیاری به كهسوكاریان به دەستەی مافی مرۆڤ، گومان هەڵدەگرێت و ئەوەمان پێ دەڵێت ئەو کەسانە ئەشکەنجە درابن و توندوتیژی لهگهڵ كرابێت لە کاتی دانپێداناندا، بۆیە نایانەوێت کەس بیان بینێت.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایگهیاندووه، پێویستە هەموو لایهک بزانن ماوەی هەفتەیەکە دەستەی مافی مرۆڤ لە ڕێگەی ڕاوێژکارێکی دەستە داوای کردووە کە تیمێکی دەستە بە سەرۆکایەتیی دكتۆر مونا، سەرۆکی دەستە سەردانی بەشێک لەو ڕاگیراوانە بکات لەناویشیاندا لاهور شێخ جەنگی، بەڵام دەزگاکانی ئاسایشی سلێمانی ڕەتیان کردووەتهوه بە بیانووی ئەوەی کە تیمی دەستە پێشتر هاتووە پێویست ناکات دووبارە بێن. ئهمهش لە کاتێکدا بۆ هیچ کەس و لایەنێک نییە سەردان و بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی مافی مرۆڤ سنووردار بکات. ڕاستە پێشتر تیمێکی دەستە سەردانی بەشێک لە ڕاگیراوانی ئەم کەیسەی کردبوو، بەڵام ژمارهی ڕاگیراوان زۆرە و پێویستە چەند جارێکی دیكه تیمی دەستە سەردانیان بکات تاوەکوو لە نزیکەوە هەموویان ببینێت.
دەستە دهڵێت، بەپێی زانیارییەکان و سکاڵای بەرەی گەل تا ئێستاش ڕۆژانە ئەندامانی ئەو حزبە لە سلێمانی و ناوچەکانی دیكهی ئەو سنوورە دەستگیر دەکرێن و هەڕەشەش لە هەندێک کەسی دیكهی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی دەکرێت. هەروەها بە پێی بەدواداچوون و زانیارییەکانی دەستە، کەسانێک لە ڕووداوی لالەزار کوژراون، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان ئامادە نین زانیاریی بدەن و بڵاوبکەنەوە، ئەوەش دیسان گومان دەخاتە سەر شێوازی کوشتنیان.
ئهو دهستهیه له درێژهی پهیامهكهیدا گوتوویهتی، بابەتێکی دیكهی پەیوەست بە ڕووداوەکانی لالەزار، هێزە ئەمنییەکان تا ئێستا بەردەوامن لە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی لاهور شێخ جەنگی و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ناوبراو، تەنانەت بە کەناڵی تەلەفزیۆنی (زوومی)ـشەوە، هەمووی بە هەڕەمەکی کراوە و ئێستاش دەکرێت، بۆیه لێرەوە داوا دەکەین ئەو کارە ڕابگیرێت و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ڕۆڵی خۆی لەو بابەتە بگێڕیت.
دهستهكه داوا دهكات، دژەتیرۆر و هێزی کۆماندۆ/ سلێمانی هەر چی زووە ڕێگە بە دەستەی مافی مرۆڤ بدەن بەدواداچوون بۆ تەواوی ئەو کەیسانە بکەن و ڕێگەش بە کەسوکاری ئەوانە بدەن کە تا ئێستا سەردانیان نەکردوون و پێویستە زانیاریش لەسەر ئەوانە ڕابگەیەنرێت کە تا ئێستا هەواڵیان نییە.
له درێژهی پهیامهكهی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هاتووه: دەمانەوێت ئەوەش بۆ ڕای گشتی ڕابگەینین دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای بینینی ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی حزبی هاوپەیمانی کردبوو، بهڵام دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگەیان نەداوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکیش لەسەر ژیان و تەندروستیی ناوبراو و شوێن و جێگەی بە ئێمە و کەسوکاریان نەداوە.
دهستهكه باسی لهوهش كردووه، دووپاتی دەکەنەوە لەگەڵ چەسپاندنی یاسایە بە پێی ڕێکارە ڕێگە پێدراوەکان پشتگیری سەروەری یاسا دەکەن و دژی هەر جۆرە پێشێلکاری و کارێکی هەڕەمەکین و جەختیش لەسەر ڕۆڵی دەستەی مافی مرۆڤ دەکەنەوە کە پێویستە هەر چی زووە کارئاسانی بۆ سەرۆک و تیمەکانیان بکرێت بۆ بەدواداچوون بۆ هەر کەیسێک لە هەر کوێ و لای هەر دەزگایەک بێت، ئەوەش لە چوارچێوەی کار و ئەرک و دەسەڵاتی دەستەیە، کە پەرلەمانی کوردستان بۆی دیاریی کردووە وەک دەزگایەکی سەربەخۆی نیشتمانی.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دهڵێت: لێرەدا بە هەموو خەڵکی کوردستانی ڕادەگەیەنین ڕاپۆرتێکی وردمان لەسەر ئەم کەیسە نووسیوە و لە ماوەیەکی نزیکدا بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆکایەتیی حکوومەت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دەنێرین. ههروهها داوا دەکەین لیژنەیەکی باڵا پێک بهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و ڕاستی و دروستی ئەم کەیسە، لە دەرەنجامەکانی خەڵکی کوردستان ئاگادار بکرێنەوە.