بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ لە زاخۆ: هانی جووتیاران دەدەین ڕوو لە چاندنی فستق بکەن

شارەزایانی بواری کشتوکاڵ ئاماژە بەوە دەکەن کە خاکی زاخۆ و دهۆک زۆر گونجاوە بۆ چاندنی فستق. داری فستق پێویستی بە ئاوی زۆر نییە، ئەمەش وای کردووە چاندنی لەو ناوچانەی ڕێژەی بارانبارینیان کەمە سەرکەوتوو بێت.

سەلمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ لە زاخۆ، پشتیوانی خۆی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ جووتیاران دووپات کردەوە و بە کوردستان24ی گوت: "ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاندن، هانی جووتیاران دەدەین کە ڕوو لە چاندنی فستق بکەن، چونکە ئەم دارە پێویستی بە ئاوێکی کەمترە و کەشوهەوای ناوچەکەشمان بۆی لەبارە."

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاندنی دهۆک و زاخۆ، زیاتر لە 110 هەزار دار فستق لەسەر ڕووبەری هەزار و 500 دۆنم زەوی چێندراون. بەرهەمی ساڵانەی ئەم دارانە دەگاتە زیاتر لە 350 تۆن و ساڵ بە ساڵیش ئەم ڕێژەیە لە بەرزبوونەوەدایە.

جووتیارێکی گەنجی دانیشتووی کۆمەڵگەی باوەردێیە لە ناحیەی باتێل، کە ماوەی دە ساڵە دەستی داوەتە پرۆژەیەکی جیاوازی کشتوکاڵی و سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە. پرۆژەکەی کامەران بریتییە لە چاندنی فستق، کە بە "زێڕی سەوز" ناسراوە.

کامەران تاوەکوو ئێستا 500 دار فستەقی چاندووە و ڕۆژانە لەنێوان 20 بۆ 40 کیلۆگرام فستق لە باخەکەیدا کۆدەکاتەوە و بەرهەمەکەی خواستێکی زۆری لەسەرە لەناوچەکەدا، لەو بارەوە گوتی: ئەمساڵ بەرهەممان زۆر باشتر بووە بەراورد بە ساڵی پار و چاوەڕوان دەکرێت ساڵانی داهاتوو بەرهەمەکە زیاتریش بێت. کامەران بەرهەمەکانی لە ڕێگەی ئۆنلاین و فرۆشگاکان دە فرۆشێت.

پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی کشتوکاڵ، بووەتە پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ جووتیاران تاوەکوو ڕوو لە چاندنی بەرهەمی جۆراوجۆر بکەن و بەرهەمی خۆماڵی پێشبخەن.

 
Fly Erbil Advertisment