کارگەیەکی زەیتی زەیتوونی ساختە داخرا

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی ئۆکتۆبەری 2025، هێزەکانی ئاسایشی هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ ژووری چاودێریی بازرگانی و لیژنەکانی قایمقامییەت، دەستیان بەسەر کارگەیەکی نایاساییدا گرت کە زەیتی زەیتوونی ساختەی بەرهەم دەهێنا. لە پڕۆسەکەدا سێ کەس دەستگیر کران و دەست بەسەر بڕێکی زۆر زەیتی ساختەدا گیرا.

کارگەکە، دەکەوێتە نزیک گەڕەکی گزنەی شاری هەولێر، ڕۆنی چێشتی ئاسایی لەگەڵ ڕەنگ و بۆنی تایبەت تێکەڵ دەکرد و دواتر وەک زەیتی زەیتوونی سروشتی دەیفرۆشتەوە. بەرهەمەکانیان بە ناوی "زەیتی زەیتوونی ئەبو حسێن" و بە ناونیشانی شەقڵاوە دەخستە بازاڕەوە بۆ چەواشەکردنی هاووڵاتییان.

لای خۆیەوە هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر ڕایگەیاند، ئەم بەرهەمە هیچ مەرجێکی تەندروستیی تێدا نییە و بە هیچ شێوەیەک شیاوی خواردن نییە. هاوکات داوای لە خاوەن دووکان و مارکێتەکانیش کرد، بە زووترین کات ئەم جۆرە زەیتە لەسەر ڕەفەکانیان لاببەن و هۆشداریی دا لە کڕینی ئەو بەرهەمانەی لەناو کارتۆنی سپی و بێ ناسنامەدا دەفرۆشرێن.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو سێ کەسەی دەستگیر کراون خاوەنی کارگەکە بوون و بە ڕەگەز عەرەبن. کارگەکە بە شێوەیەکی نایاسایی و دوور لە چاودێریی حکوومەت کاری کردووە و ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment