باشترین جۆری هەنگوین لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت
هەنگوینی کوردستان، کە بە یەکێک لە باشترین جۆرەکانی هەنگوین لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، خواستێکی زۆری لە بازاڕە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا لەسەرە. لەگەڵ ئەمەشدا، هەنگەوانانی کورد ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ دەبنەوە، بەڵام باشترین جۆری هەنگوینی هەیە.
نەبەز کاکە، کە ماوەی 25 ساڵە سەرقاڵی پیشەی هەنگەوانییە، هەنگەکانی لە کوێستانی گوندی ئاڵانەی حاجی ئۆمەران داناوە. ئەو هۆکاری کوالێتی بەرزی هەنگوینەکەی بۆ فرەجۆریی گوڵ و گیا لە ناوچەکەدا دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "لێرە زیاتر لە 200 جۆر گوڵ هەیە، ئەمەش وای کردووە هەنگوینەکەمان یەکێک بێت لە باشترینەکانی جیهان."
ئەم کوالێتییە بەرزەی هەنگوینی کوردستان لە فێستیڤاڵە جیهانییەکانیشدا سەلمێنراوە. عارف شێروانی، سەرۆکی کۆمەڵەی تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان، بە کوردستان 24 گوت: لە فێستیڤاڵی فەرەنسا بەشداریمان کرد و هەنگوینی کوردستان پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێنا. هاوکات بەشداری چەندین فێستیڤاڵمان کردووە لە جیهان کە هەنگوینی کوردستان هەر پلەی یەکەمی بەدەستهێنابوو."
سەرەڕای ئەمە هەنگەوانان ڕووبەڕووی کێشەی جۆراوجۆر دەبنەوە. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان نەخۆشیی "ڤاروا"یە. عارف شێروانی لەبارەیەوە ئاماژەی دا، "کێشەی سەرەکیمان لە هەرێمی کوردستان نەخۆشی ڤاروایە، کە زۆر بووە و ئەو دەرمانانەی دێن چارەسەری باش نین."
لە ناوخۆی هەرێم و عێراقدا خواستێکی زۆر لەسەر هەنگوینی کوردستان هەیە. سەلام محەممەد، فرۆشیارێکی هەنگوین لە شەقڵاوە، دەڵێت: "کڕیارمان لە هەموو شوێنێکی عێراق و کوردستان هەیە، جۆرەکانی وەک کاڵبتوز، سماق و گوڵەکان زۆر مەڕغوبن خواستێکی زۆری لەسەر هەیە." ئەو باسی لەوەش کرد کە نرخی کیلۆیەک هەنگوین لەنێوان 65 بۆ 75 هەزار دینارە، بەڵام "ئەگەر گەرەنتی کوالێتی هەبێت، دەتوانم بە 100 دۆلاریش بیفرۆشم."
پێشتر هەنگەوانانەی کوردستان کێشەی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکەیان هەبوو، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی هەنگوینی کوردستان بۆ وڵاتانی ئیمارات، قەتەر، سعوودییە، بەریتانیا و ئەڵمانیا لەگەڵ کردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ هەنگەوانان و ڕێگریکردن لە هێنانی بەرهەمی وڵاتان و هەنگوینی ساختە بۆ بازاڕەکانی کوردستان هاوکار بووە.
کامەران حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران، ئەوەی خستەڕوو، "ڕۆژژمێرێکی کشتوکاڵیمان هەیە بۆ ڕێکخستنی بەرهەمەکان هەیە. کاتێک بەرهەمی ناوخۆیی پێ دەگات، ڕێگری لە هاوردەکردن دەکەین بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی.
توێژەرانی زانکۆی میشیگانی ئەمەریکی هەستاون بە ڕاهێنانی سەگ بۆ دۆزینەوەی ئەو شانە هەنگانەی کە تووشی نەخۆشی بوون. میگان میلبرات، توێژەری زانکۆکە، دەڵێت: "بەکارهێنانی سەگ وەک ئامێرێکی پشکنین کارئاسانییەکی گەورەیە بۆ ئەو هەنگەوانانەی کە 5 بۆ 10 هەزار شانە هەنگیان هەیە و پشکنینیان بۆ قورسە. سەگەکە لە ڕێگەی بۆنکردنەوە شانە نەخۆشەکە دەدۆزێتەوە."
ئاماری کۆمەڵەی تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان
ئاماری کۆمەڵەی تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان دەری دەخات، لە هەرێمی کوردستان 15هەزار هەنگەوان هەیە، لەگەڵ 800هەزار پوور هەنگ، لە باشترین ساڵدا بەرهەمی هەنگەوانان گەیشتووەتە هەزار تۆن هەنگوین، هەولێر و ئیدارەی سۆران لە پلەی یەکەم دێن بە چوار هەزار و 200 هەنگەوان کە خاوەنی 350 هەزار پوور هەنگن، ساڵی 2023 هەنگەوانانی هەولێر و ئیدارەی سۆران 350 تۆن و ساڵی 2024ش کە ساڵێکی باش نەبووە بۆ هەنگ تەنیا 60 تۆن هەنگوینیان هەبووە.
ئەو شا هەنگانەی باون و لەگەڵ کەشی کوردستان دەگونجێن بریتین لە: جۆری خۆماڵی کە بەمیدا ناسراوە، کڕنۆڵی وڵاتی سڕبیا، کاڕنیکای ئەڵمانی، قەوقازی ڕووسیا، ئیتاڵی، باکفاس جۆرێکی لێکدراوی وڵاتی بەریتانیایە، لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستانیشدا دوو کارگەی گەورەی قوتوبەندکردنی هەنگوین و (10)هەزار کارگەی بچووکی بەشیلەکردنی ئەم بەرهەمە هەیە.