ڕووسیا بۆ یەکێتیی ئەورووپا، دەستبردن بۆ پارە بلۆککراوەکانمان بێ وەڵام نابێت

سێرگی نێچایێڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە ئەڵمانیا، هۆشداری دایە یەکێتیی ئەورووپا لە لێکەوتەی ئەو پلانەی کە دەیەوێت سامانی بلۆککراوی ڕووسیا بۆ دابینکردنی دارایی ئۆکرانیا لە دژی ڕووسیا بەکاربهێنێت.

نێچایێڤ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "هەر مامەڵەیەک بە سەروەت و سامانی سیادیی ڕووسیاوە بەبێ ڕەزامەندیی مۆسکۆ بکرێت، بە دزی هەژمار دەکرێت. ڕوونیشە دەستبردن بۆ پارەی حکوومەتی ڕووسیا لێکەوتەی دەبێت."

باڵیۆزی ڕووسیا هۆشداریدا لەوەی، ئەم هەنگاوە "بێپێشینەیە"، ناوبانگی بازرگانیی یەکێتیی ئەورووپا لەکەدار دەکات و حکوومەتەکانی ئەو کیشوەرە تێوەدەگلێنێت لە داوای یاسایی.

هەروەها پلانەکەی ئەورووپای بە "ڕێگەیەک بەرەو ئاژاوەی یاسایی و لەناوبردنی بناغەکانی سیستەمی دارایی جیهانی" وەسف کرد، بە پلەی یەکەم زیان بە خودی یەکێتیی ئەورووپا دەگەیەنێت. لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە: "دڵنیاین لەوەی لە برۆکسل و بەرلین لەم مەترسییە تێگەیشتوون."

لێدوانەکانی باڵیۆزی ڕووسیا لە کاتێکدایە، سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا بەدوای ڕێگەی زیاتردا دەگەڕێن بۆ ئەوەی ڕێگە لە داڕمانی ئۆکرانیا بگرن، بەتایبەت لە ئێستادا کیێڤ ڕووبەڕووی فشاری زیاتر بووەتەوە لە بەرەکانی جەنگدا.

چوارشەممەی ڕابردوو، یەکێتیی ئەورووپا پلانی بەکارهێنانی سامانە سڕکراوەکانی ڕووسیای ئاشکرا کرد بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بە بڕی 90 ملیار یۆرۆ هاوکاریی دارایی ئۆکرانیای پێ بکات، ئەمەش سەرەڕای نیگەرانییەکانی بەلجیکا کە زۆرترین پشکی سامانە بلۆککراوی لەلایە.

بەلجیکا میوانداریی بارەگای سەرەکیی گرووپی خزمەتگوزارییە داراییەکانی (یۆرۆکلیر - Euroclear) دەکات کە زۆربەی سەروەت و سامانی بلۆککراوی ڕووسیا بەڕێوەدەبات، هەر بۆیە ئەو وڵاتە لە ئەگەری ڕوودانی کاردانەوە و لێکەوتەی یاسایی دەترسێت.

کرێملین پێشتر هۆشداری دابوو کە پلانی بەکارهێنانی ئەو سامانە بلۆککراوانە، هەنگاوێکی مەترسیدارە و بە "دەستبەسەرداگرتنی نایاساییی موڵک و ماڵی ڕووسیا"ی دەزانێت، هەروەها بەڵێنی داوە مۆسکۆ وەڵامی دەبێت، بەبێ ئەوەی سروشتی وەڵام و ڕێوشوێنەکان دیاری بکات.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment