سەردانەکەی مەسرور بارزانی بووەتە مانشێتی سەرەکیی ڕۆژنامە و میدیاکانی ئیمارات
ڕۆژنامە و میدیاکانی ئیمارات، بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕووماڵی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ ئەبووزەبی و کۆبوونەوەی لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات کردووە.
ڕۆژنامە پڕخوێنەرەکانی وەک (البیان، الاتحاد، الخلیج، الفجر، و الوطن) لە ژمارەی ئەمڕۆیاندا (شەممە، 06ـی کانوونی یەکەمی 2025)، وێنەی کۆبوونەوەکەیان لە لاپەڕە سەرەکییەکانیان بڵاوکردووەتەوە و جەختیان لەسەر گرنگیی ئەم دیدارە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردووەتەوە.
بەگوێرەی ڕووماڵی ڕۆژنامەکان، لە دیدارەکەدا کە لە ئەبووزەبی بەڕێوەچوو، مەسرور بارزانی پیرۆزبایی 54یەمین ساڵیادی ڕۆژی نیشتمانیی ئیماراتی لە شێخ محەمەد بن زاید و گەل و سەرکردایەتیی ئیمارات کردووە و هیوای بەردەوامیی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ خواستوون. لە بەرامبەردا سەرۆکی ئیمارات سوپاسی ئەو هەڵوێستەی کردووە و هیوای سەقامگیری و گەشەسەندنی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان خواستووە.
لەم دیدارەدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئیمارات، لەوانە شێخ حەمدان بن محەمەد بن زاید و شێخ سەیف بن زاید، ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
ڕۆژنامەی (الوطن) لە ڕووماڵەکەیدا جەختی لەسەر "فراوانکردنی ئاسۆی پەیوەندییەکان" کردووەتەوە و لە مانشێتە سەرەکییەکەیدا نووسیویەتی: "سەرۆکی دەوڵەت و مەسرور بارزانی جەخت لە گرنگیی کارکردن دەکەنەوە بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لەپێناو بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە". ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە، دیدارەکە هەنگاوێکە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی.
هاوکات ڕۆژنامەی (الفجر) سەرنجی خستووەتە سەر دۆسیە هاوبەشەکان و بە مانشێتی "ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە پرسە جێی بایەخەکان" هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە. بەپێی ڕۆژنامەکە، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر پرسە هەرێمییەکان کردووە و هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی، مەرجی سەرەکییە بۆ هەر جۆرە پێشکەوتنێک.
ڕۆژنامەی (الخلیج) لە مانشێتی سەرەکیدا نووسیویەتی: "محەمەد بن زاید و بارزانی: برەودان بە ئاشتی خزمەت بە گەلانی ناوچەکە دەکات". هاوکات ڕۆژنامەی (البیان) ئاماژەی بەوە داوە، دیدارەکە بۆ بەسەرکردنەوەی پەیوەندییە برایەتییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هەماهەنگی بووە بە شێوەیەک کە خزمەت بە گەشەپێدانی هاوبەش بکات.
ڕۆژنامەی (الاتحاد) تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی کارکردن بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووەتەوە، وەک بنەمایەک بۆ هەر پێشکەوتنێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی.
