دیار عومەر: بۆ ئێستای کوردستان شانۆی ئیمپرۆ باشترین میتۆدە بۆ پەروەردەکردنی ئەکتەر
ڕاهێنەر و ئەکتەر و نووسەر دیار عومەر، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا بۆ کوردستان24، باس لە شانۆی ئیمڕۆ دەکات و تیشک دەخاتە سەر نوێترین کتێبی لەسەر شانۆی ئیمڕۆ و دەڵێت: پەرتووکێکی تازەم بەڕێگاوەیە کە تایبەتە بە شانۆی ئیمپرۆ کە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی چاپ دەکرێت.
شانۆی ئیمپڕۆ واتای چییە و باسێکی بکە؟
شانۆی ئیمپڕۆ، بە واتای شانۆی لەپڕ هاتوو دێت، واتە خۆڕسکی و خۆکردییەو لە ئێستادایە. ئیمپرۆڤیساتۆر ( ئەکتەر) بەبێ سیناریۆی پێشوەختەو ئامادەکراو، دیمەنەکان ڕاستەوخۆ لەبەردەم بینەردا دروست دەکەن. ئەوەی کە دەبینرێت لەو کاتەدا دروست دەبێت، بە پشت بەستن بە داواکاری و پێشنیارەکانی بینەران.
ئەو ڕاهێنانەی بۆ شانۆی ئیمپڕۆ ئەنجامی دەدەن، فێرخواز تا چەند سوودی لێ بینیوە؟
ڕاهێنانەکانی ئیمپڕۆ لەزۆر ڕووەوە سوودبەخشن بۆ فێرخوازان بۆ نموونە لەم تەبارانەدا ڕۆڵی ئەرێنیان دەبێت وەکو، برەودان بە بیرکردنەوەی خێرا، واته ئەکتەران فێردەبن بە خێرایی و بەشێوەیەکی داینامیکی بیربکەنەوەو وەڵام بدەنەوە. لەهەمانکاتدا کارو کاردانەوەی کەسەکان خێرا دەکات و لەوەش ڕادێن کە بلۆک نەبن و ئامادەبن بۆ هەموو ئەگەرەکان. هەروەها پەرەپێدانی داهێنان، ئەویش ڕاهێنانەکان هانی فێرخوازان دەدەن بۆ داهێنان و بیرۆکەی نوێ هاوکاربن بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەکی سەرنج ڕاکێش بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کارەکتەردا. لە ئیمپرۆدا ڕۆڵگێرانی خێرای تێدایە، ڕەنگە لە ماوەی دەخولەکدا دەڕۆڵی جیاواز ببینیت، ئەمەش وادەکات کە ئەکتەرەکە پر ئەزموون بێت و لە ئەزموون و پراکتیکەوە فێربێت، نەک تەنیا لەڕێگای تیۆرەوە. هەروەها بنیاتنانی متمانەبەخۆبوون، واتە ئیمپرۆ یارمەتی ئەکتەرەکان دەدات کە لە تواناکانی خۆیان دڵنیابن و نەکەونە ژێر باری گوشارەوە. ئەم متمانەیەش نەرمییەکی سروشتی بە نمایشکار دەبەخشێت کە زێدەڕۆیی و زۆر لەخۆکردنی پێوە دیارنەبێت. هەروەها فێربوونی هاوکاری، ئەمەش کارکردن بەشێوەی ئیمپرۆ پێویستی بە هاوکاری و کارکردنی تیم هەیە، کە ئەمەش لایەنی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکات. جگە لەمەش بۆ باشکردن و لێکتێگەیشتن و تیم گرنگە، شانۆش کارێکی کۆمەڵییە.
شانۆی ئیمپرۆ بەچی شێوەیەک لە کۆلێژ و پەیمانگای هونەرە جوانەکان دەخوێندرێت؟
لە کۆلێژ و پەیمانگە ئەوروپییەکان، ئیمپڕۆ بە شێوەی جۆراوجۆر دەخوێندرێت وەکو، وانەی تیۆری، کە فێرخوازان دەربارەی بنەماکانی ئیمپرۆ، مێژوو و شێوازە جیاوازەکان فێردەبن. هەروەها ڕاهێنانی کرداری، ئەویش ئەکتەران ڕاهێنان لەسەر تەکنیکە جیاوازەکانی ئیمپرۆ دەکەن، وەک بەڵێ و بەڵێ و دروستکردنی کەسایەتی، و دیمەنی کورت. هەروەها وۆرکشۆپ، ئەویش میوانداریی ورکشۆپ لەلایەن مامۆستایانی پسپۆڕ و ئەکتەرانی شارەزا. بەڵام لە کوردستان تائێستا بەتەواوەتی سودیان لەم میتۆدە شانۆیە وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا ئیمپرۆ باشترین و ئاسانترین ڕێگایە بۆ بوونە ئەکتەر. سەدان وانەی بێسود و بێ پرۆگرامی سواو هەیە کە بۆ ساتێکیش خزمەت بە فێرخوازانی شانۆ ناکات کەچی هەر لەسەری دەڕۆن. کاتی ئەوەیە کە پەیمانگەو کۆڵیژەکان پێداچونەوەیەک بە پرۆگرامی خوێندنیاندا بکەن، چونکە ئەوەی کە ئێستا هەیە تاکێکی هیچ نەکەرو بێ ئەزموون بەرهەم دەهێنێت.
ئەکتەرێک گەر کێشی زۆر بێت، جیاوازی هەیە لە ڕاهێناندا لەگەڵ ئەکتەرێکی لاواز؟
بێگومان، جیاوازی هەیە. ئەکتەرانی قورس پێویستە ئاگاداری توانای جەستەیی خۆیان بن و ڕاهێنانەکان بەشێوەیەک بکەن کە زیانیان پێ نەگەیەنێت. ڕاهێنانەکان دەکرێت جیاواز بن لە ڕووی جۆری جوڵە، ئەویش ڕەنگە ئەکتەری قورس بەهۆی قورساییەکەیەوە لە جوڵەی خێرادا سنووردار بێت. هەروەها بەرگەگرتنی جەستەیی، ئەویش پێویستە ڕاهێنانەکان بەجۆرێک دابنرێن کە بەئاسانی لەگەڵ توانای جەستەیی ئەکتەرەکان بگونجێت. ڕاهێنانەکانی تایبەت، ئەویش ڕەنگە پێویست بێت ڕاهێنانەکانی تایبەت لەسەر بەهێزکردنی ماسولکەکان و ڕێکخستنی هەناسەدان ئەنجام بدرێت. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئیمپرۆ هەموو جۆرێک و تەمەنێک پێویستە، چونکە ئەوەی ئێمە دەیکەین ئاوێنەی ژیانە بە بەرگێکی جوانتر. لە ژیانیشدا هەموو جۆرێکمان هەیە. دەبێت ئەوەش بزانین کە ئیمپرۆ بەس جەستە نیە، بەڵکو خەیاڵە، دروستکردنی ڕۆڵی مەیدانییە، خۆگونجانە، بوێریە، داهێنانە.
ئایا شانۆی ئیمپرۆ ئەنجامدانی سەختە؟
بەڵێ، چونکە پێویستی بە سەرنجی زۆر هەیە، ئەکتەران دەبێت بەردەوام سەرنجیان لەسەر هاوبەشەکانیان و دەوروبەر بێت. خۆیان بگونجێنن و زیادەکاری بخەنە سەربابەتەکەی ئەوان و نواندنیش بکەن. هەروەها جەستەیی و ڕۆحیە، ڕاهێنانەکانی ئیمپرۆ هەردووکیان ماندوو دەکەن، چونکە پێویستە ئەکتەران بەشێوەیەکی فیزیکی چالاک بن و لەهەمان کاتدا بیرۆکە نوێیەکان بەرهەم بهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان نوسەرو دەرهێنەرو ئەکتەرن لە هەمانکاتدا. پێویستی بە پابەندبوون هەیە، سەرکەوتن لە ئیمپڕۆدا پێویستی بە بەردەوامی و خۆتەرخانکردن هەیە. واتە بەردەوام دەگەڕێت و ڕاهێنان و یاری تاقی دەکەیتەوە. ئیمپرۆ لە ئاڵەنگاریەک دەچێت، هاوشێوەی گرەوێکە.
دەتوانین بڵێین ئیمپرۆ ئەکتەرێکی تەواو کامڵ درووست دەکات؟
نەخێر، ئیمپرۆ ئەکتەری تەواو و کامڵ دروست ناکات. بەڵام دەتوانێت بناغەیەکی بەهێز بۆ ئەکتەران دروست بکات و لێهاتووییەکانیان پەرەپێبدات. ئەکتەری تەواو پێویستی بە تێکەڵەیەک لە ڕاهێنانی جیاواز، ئەزموون و هەوڵی بەردەوام هەیە. ئیمپڕۆ تەنیا یەکێکە لەو ئامرازانەی کە ئەکتەران دەتوانن بۆ گەشەکردنیان بەکاری بهێنن. بە بۆچوونی من بۆ ئێستای کوردستان ئیمپرۆ باشترین میتۆدە بۆ پەروەردەکردنی ئەکتەر.
شانۆی کوردی لە ئێستادا چۆن دەبینی؟
شانۆی کوردی لە ئێستادا بە قۆناغێکی گرنگدا تێدەپەڕێت. هەندێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی وەکو، بەرەوپێشچوون لە ناوەڕۆک و شێوازدا، هەندێک لە شانۆکاران بەردەوامن لە تاقیکردنەوەی بابەت و شێوازی نوێ و جۆراوجۆر. زیادبوونی ئامادەیی خەڵک، لەم ساڵانەدا خەڵک زیاتر بایەخ بەبینینی شانۆ دەدەن و ئامادەیی نمایشەکان زیادیکردووە. بێگومان هەموو نمایشێک نا. هەروەها پەیوەندی نێوان شانۆکاران لەگەڵ دەرەوەی وڵات، پەیوەندیی لەگەڵ هونەرمەندانی دەرەوەی وڵات، دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و گەشەکردنی هونەری کوردی دەرەخسێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەنگە ڕووبەڕووی ئەم ئاڵەنگاریانە بێتەوە وەکو، کەمبوونی بودجە، ئەویش کێشەیەکە کە کاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و پێشکەشکردنی نمایشەکان هەیە. بە گشتی، شانۆی کوردی خاوەنی زەمینەیەکی لەبارە بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن. بەردەوامبوون لە هەوڵەکان بۆ باشترکردنی ئاستی هونەری و دۆزینەوەی ڕێگا چارەسەرەکان بۆ ئاڵەنگارییەکان، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە بوژاندنەوە و پێشخستنی شانۆی کوردی.
پڕۆژەی نوێت چی دەبێت؟
لە ئێستادا پەرتووکێکی تازەم بەڕێگاوەیە کە تایبەتە بە شانۆی ئیمپرۆ کە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی چاپ دەکرێت و بڵاویدەکەمەوە.
ڕاهێنەر و ئەکتەر و نووسەر دیار عومەر، لەساڵی 1977 لەشاری هەولێر لەدایک بووە، 25 ساڵە لەوڵاتی سوید نیشتەجێیە، لە چەندان وڵاتی جیادا وۆرکشۆپ و خولی تایبەت بە ئیمپرۆی ئەنجامداوە و چەندان گرووپی شانۆیی ئیمپرۆی لە وڵاتان دامەزراندووە، خاوەنی چوار پەرتووکی شانۆییە کە سێ دانەیان تایبەتە بە شانۆی ئیمپرۆ بە هاوبەشی لەگەڵ بورهان قەرەداخی. لە ئێستاشدا پەرتووکێکی تازەی بە ڕێگاوەیە کە تایبەتە بە شانۆی ئیمپرۆ کە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی چاپ دەکرێت.

