جۆزێف عۆن داوا لە ئەمەریکا دەکات فشارەکانی بۆ کشانەوەی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان زیاد بکات
ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ ئاسایشی ئیسرائیل دووپات کردەوە

براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا(سێتنکۆم) سەردانی هەریەکە لە لوبنان و ئیسرائیل کرد، لە سەدانەکەی بۆ لوبنان, سەرۆکی ئەو وڵاتە داوای لە ئەمەریکا کرد فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ کشانەوە لە باشوور، هاوکات لە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوەچەکە دووپات کردووەتەوە.
شەممە 6ـی ئەیلوولی 2025، جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان لە کۆشکی سەرۆکایەتی بەعبەدە، پێشوازی لە براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا(سێتنکۆم) کرد و لیزا جۆنسن، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەیرووت ئامادەبوو.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی لوبنانی، سەرۆکی وڵاتەکەی داوای کاراکردنەوەی لیژنەی چاودێریی ڕاگرتنی کردەوە دوژمنکارییەکان (MECHANISM) کردووە بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوانیان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، کشانەوە لەو خاکانەی کە داگیری کردوون، لەگەڵ گەڕاندنەوەی دیلەکان.
ئاماژەشی داوە، ئەم هەنگاوانە لە جێبەجێکردنی بڕیارەی حکوومەتی لوبنان بۆ مۆنۆپۆلکردنی چەک لە دەستی هێزە چەکدارەکانی لوبناندا یارمەتیدەر دەبن، بەتایبەت ئەنجوومەنی وەزیرانی لوبنان پێشوازیی لەو پلانە کردووە.
عۆن کۆبوونەوەکەدا، کە ژەنەراڵ مایکڵ لینی، سەرۆکی لیژنەی (MECHANISM)یش ئامادەی بوو، ئاماژەی بەوە دا، "بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشوور، دەبێتە ڕێگر لەبەردەم بڵاوبوونەوەی سوپای لوبنان لە سنوورەکان، کە سوپای لوبنان زیاتر لە 85%ی ناوچەکانی باشووری ڕووباری لیتانی جێگیر بوون.
هەروەها جەختی لە "گرنگیی بەردەوامیی ئەمەریکا لە پشتیوانیکردنی سوپای لوبنان و دابینکردنی پێداویستی و ئامێرە پێویستەکان کردەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو ئەرکانەی پێی سپێردراوە لە سەرتاسەری خاکی لوبناندا بۆ پاراستنی ئاسایش، ڕێگریکردن لە قاچاخچیتی، کردەوەی تیرۆریستی، کۆنترۆڵکردنی سنووری لوبنان-سووریا و ئەرکەکانی دیکە جێبەجێ بکات.
لەلایەن خۆیەوە، براد کوپەر ستایشی کارەکانی سوپای لوبنان لە باشوور و ناوچەکانی دیکە کرد و جەختی لە بەردەوامی ئەمەریکا لە پێشکەشکردنی هاوکارییە پێویستەکان لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە، بەتایبەتی پشتیوانیکردنی سوپا بە کەلوپەل و مەشقی سەربازی.
فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی گشتیی ئیسرائیل کۆبووەوە.
براد کوپەر، فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا،لەدوای دەستبەکاربوونی لە یەکەم سەردانیدا گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ لیوا ئیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی گشتیی ئیسرائیل کۆبووەوە.
بەپێی ڕۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی، کوپەر پشتیوانی و پابەندبوونی ئەمەریکا بە شێوەیەکی پتەو و بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە دووپات کردووەتەوە و جەختیشی کردووەتەوە، هەردوو لا بە شێوەیەکی هاوبەش کار لەسەر بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی دەکەن.