واشنتن و حەماس دانوستانەکانیان دەستپێکردەوە

میدیا عیبرییەکان ڕایانگەیاند، دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیدارەی ئەمەریکا دەستیان پێکردەوە.
ڕۆژنامەی عیبری "ئیسرائیل هایۆم" لە زاری سەرچاوە ئەمەریکی و عەرەبییەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆکانی نێوان ئیدارەی ترەمپ و حەماس دەستیپێکردووەتەوە. بەڵام، واشنتن ڕێگری لە پێشڕەویی ئیسرائیل بەرەو شاری غەززە لە باکووری کەرتی غەززە ناکات.
دەشڵێت: "پەیوەندییەکان دەستبەجێ دوای لاوازبوونی نێوەندگیری میسر و قەتەر لەم دواییانەدا دەستیپێکردووەتەوە. سەرچاوە ئەمەریکی و عەرەبییەکان لە زاری واشنتنەوە ئاماژەیان بەوەداوە، کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بە ڕێککەوتنێک دەبێت کە ئاڵوگۆڕی دیل و ئازادکردنی هەموو ڕفێندراوەکان لەخۆ بگرێت."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند دانوستانەکان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس "زۆر چڕ" بوونە، جەختیشی لەسەر پێویستیی ئازادکردنی دەستبەجێی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە بەرامبەر گەیاندنی فریاگوزاری مرۆیی و دانوستانی جددی لە ڕێگەی ناوبژیوانانەوە کردەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، ترەمپ ڕایگەیاند، ئەمەریکا بە ڕوونی حەماسی ئاگادارکردووەتەوە کە ئازادکردنی زیندانییەکان دەبێتە هۆی 'کارێکی باش'، هۆشداریدا ئەگەر ئەوە نەکەن، دۆخەکە "زۆر خراپ دەبێت". ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستانەکان باس لە ئازادکردنی 20 زیندانی ئیسرائیلی لەخۆدەگرێت، لەکاتێکدا واشنتن مەزەندە دەکات نزیکەی 30 زیندانی دیکە کوژراون.
لای خۆیەوە، حەماس لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا پابەندبوونی خۆی بە قبوڵکردنی پێشنیازەکانی ناوبژیوانان و ئامادەیی خۆی بۆ ڕەچاوکردنی هەر بیرۆکەیەک کە ئاگربەستی هەمیشەیی، کشانەوەی هەمەلایەنە و هاتنە ناوەوەی بێ مەرجی هاوکارییە مرۆییەکان بەدیبهێنێت، دووپات کردەوە.
بزووتنەوەکە جەختی لە خواستی خۆی بۆ "ئاڵوگۆڕی ڕاستەقینەی زیندانییەکان و دانوستانەکان، لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە کردەوە"، بۆ دەستەبەرکردنی دەرئەنجامێک کە بەرژەوەندییەکانی هەموو لایەنەکان لەبەرچاو بگرێت.
لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی "ئۆتۆمبێلی جەدعۆن" دەستپێکرد و باڵەخانەکانی شاری غەززەی کردە ئامانج، خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە 48 زیندانی ئیسرائیلی لە غەززە هەن کە 20 کەسیان لە ژیاندا ماون.
لیواکانی قەسام لەم دواییانەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیییان بڵاوکردەوە، تێیدا دوو بەندکراوی ئیسرائیلی دەردەکەون و بوونی هەشت زیندانی زیندوویان لە شاری غەززە پشتڕاستکردەوە.