ئاوارەکانی شنگال: تەنیا ئاڵای کوردستان و عێراقمان قبووڵە
دڵخۆشن بە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال
K24 - دهۆک
ئاوارەکانی شنگال، ئەوانەی لە کەمپەکانی دهۆک نیشتەجێن دڵخۆشن بە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ئەوانەی قسەیان بۆ کوردستان24 کردووە، دەڵێن هیواخوازن بەزووترین کات تەنیا ئاڵای کوردستان و عێراق لە شنگال بشەکێنەوە.
شنگال، ئەو دەڤەرەی بووەتە پێگەیەکی گرنگی سەردەم، دوای ئەوەی لە مانگی ئابی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعش داگیرکرا و، پاشان لە 13-11-2015 لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە ئازادکرا، لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکو ئێستا دۆخی ئاسایی نەبووەتەوە، بەڵام رۆژی هەینیی رابردوو هەولێر و بەغدا لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی قەزاکە رێککەوتن.
ئاوارەیەکی شنگال کە نیشتەجێی کەمپێکی دهۆکە بەمشێوەیە باسی رێککەوتنەکە بۆ کوردستان24 دەکات "ئێمە زۆر دڵخۆشین... دەمانەوێت ئەو حکومەتە ناشەرعییانەی ئێستای ئەوێ دەرکەن و، تەنیا ئاڵای فیدراڵی و ئاڵای هەرێم لەوێ بشەکێنەوە، ئێمە هیچ ئاڵایەکی دیکەمان ناوێت".
هەروەها ژنێکی ئێزدیی ئاوارە دەڵێ "دەمانەوێت هەموو شتێکمان تەواو بێت و بگەڕێینەوە سەر شوێن و ماڵی خۆمان، با لە شوێنی خۆمان بمرین نەوەک لێرە زیندووبین".
یەکێک لە کەسایەتییەکانی شنگال باس لەوە دەکات هەنگاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دووبارە ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال جێگەی رێزە و، ئەوان هیوادارن جارێکی دیکە پێشمەرگە بگەڕێتەوە و ئاڵای کوردستان لەسەر چیای شنگال هەڵبدرێتەوە.
عەبدولھادی شنگالی، کەسایەتیی شنگال کە بەهەمان شێوە ئاوارەی دهۆکە، دەڵێ "شەش ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ نەما نەیکات بۆ یارمەتیدانمان. ئێمە، دەمانەوێت یەکەم جار پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بچنەوە شنگال و ئاڵای کوردستان بەرزبکەنەوە، نامانەوێت پێنج شەش ئاڵامان هەبێت، دەمانەوێت ببینە یەک دەستە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی قارەمان، لەگەڵ سوپای عێراق بێنە شنگال. (دەمانەوێت) قەرەبوومان بکەنەوە، قەرەبووی ئەوانەی ماڵیان کاول بووە کە هازارن کەس دەبن".
رووداوەکانی مانگی ئابی 2014 و ئۆکتۆبەری 2017 دوو هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئاوارەبوونی خەڵکی شنگال بەرەو کوردستان و ئاڵۆزبوونی رەوشی ئەو قەزایە، بەڵام رۆژی هەیینی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی رێککەوتن رەوشی شنگال ئاسایی ببێتەوە، ئەمەش خەڵکە ئاوارەکەی دڵخۆش کردووە.
هـ.ر.