لە نەجەف بنمیچی چێشتخانەیەک داڕما و هەوڵی ڕزگارکردنی قوربانیان دەدرێت

سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2025، بنمیچی 'سەقف'ـی چێشتخانەیەک لە شاری نەجەف داڕما.
شایەتحاڵانی ڕووداوەکە باسیان لەوە کردووە، ئەو چێشتخانەیەی بنمیچەکەی ڕووخاوە، دەکەوێتە شەقامی ئەبو سەخیر، بەرانبەر شەقامی مەدینە.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، لە ئێستادا بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە لە ژێر داروپەردووی سەقفە داڕماوەکەدا گیریان خواردووە.
ڕۆژی شەممە، پردی عەتیشی لە نزیک دەروازەی باب بەغدا لە پارێزگای کەربەلا داڕما، ئەمەش لە کاتێکدابووە، كاركردن تیادا لە قۆناغی كۆتایی دابوو، بەڵام لە کاتی کۆنکرێت کردندا پایەکانی دەرووخێن.
لەوكاتەی كرێكاران سەرقاڵی كاركردن بوون، لەژێر پردەكەدا خەڵك ھاتوچۆیان دەكرد و بەهۆیەوە 4 كەس گیانی لەدەستدا و نزیکەی 10 کەسی دیكەش برینداربوون.
رووداوەكە دەستبەجێ كاردانەوەی بەرفراوانی لێكەوتەوە و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیدا بۆ دیاریکردنی وردەکاری ڕووداوەکە و ھۆكار و کەمتەرخەمییەكان.