عراقچی پەیامێک ئاراستەی وڵاتانی ترۆیکا دەکات

وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیامێک ئاراستەی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا (وڵاتانی ترۆیکا) دەکات و دەڵێت: تاران بە مەرج ئامادەی ڕێککەوتنە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی 'گاردیەنی بەریتانی'، گوتی: لە بەرانبەر هەڵگرتنی سزاکانی ئەورووپا لەسەر ئێران، تاران ئامادەیە بۆ ڕێککەوتنێکی واقیعی کە ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات.
جەختی لەوەش کردەوە، تاران هەمیشە بە ڕووی دیپلۆماسییەتدا کراوەیە. گوتیشی: ئەگەر ئەورووپا بەڕاستی چارەی دیپلۆماسی دەوێت، دەبێت هەنگاوی بۆ بنێت، چونکە بەدەر لەوە هیچ شتێکی دیکە بۆ جێگرەوەی دیپلۆماسییەت باش نییە.
هەر ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی نیشتمانیی تواناکانی وەبەرهێنان لە ناوچە ئازاد و بازرگانییەکانی ئێران ڕایگەیاندبوو، کاتێک واشنتن ئامادە بێت بۆ دانوستانێکی دادپەروەرانە، تاران ئامادەیە لەگەڵیدا کۆبێتەوە.
باسی لەوەش کردبوو، "مەحاڵە بە هەمان مەرجەکانی پێش جەنگی 12 ڕۆژە بگەڕێینەوە سەر مێزی دانوستان، بێگومان شێواز و ڕەهەندی نوێی دەبێت و پێکهاتەی نوێ هاتوونەتە ئاراوە، کە پێویستە پلانی تایبەتمان بۆیان هەبێت."
پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، هەر یەکە لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، کە وڵاتانی 'ترۆیکا' ناسراون، میکانیزمی سناپ باکیان لە دژی ئێران چالاک کرد.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، هەر سێ وڵاتەکە داوا لە ئێران دەکەن، لە ماوەی 30 ڕۆژ پابەندبوونی خۆی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی پیشان بدات.
بە پێی ئاژانسەکە، وڵاتانی ترۆیکا لە هەوڵدان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبن، تا ڕازی بکەن بە مەبەستی درێژکردنەوەی بڕیاری ژمارە 2231ـی 2015ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
وڵاتانی ترۆیکا
ترۆیكا زاراوهیهكی ڕووسیی سیاسییه بۆ كۆبوونهوهی سێ وڵات بهكار دێت كه ههر سێ وڵات بهرانبهر به دۆسیهیهك یهك ههڵوێست و یهك بۆچوونی هاوشێوه و هاوبهشیان ههبێت. بهریتانیا، ئهڵمانیا و فهرهنسا لهم بارهوه له دۆسیهی ئهتۆمی ئێران یهك بۆچوونی هاوبهشیان ههیه.
دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا
تا ئێستا پێنج گەڕی دانوستانی ئەتۆمی لەنێوان شاندەکانی ئەمەریکا و ئێران بەڕێوە چووە، لە کاتێکدا بڕیاڕ بوو ڕۆژی یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، گەڕی شەشەمی دانوستان لە نێوانیاندا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وڵاتەکە بەشداریکردنی لە دانوستانە ئەتۆمییەکە هەڵپەسارد.
جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.
ڕاگەیاندنی ئاگربەست
دوای 12 ڕۆژ لە بەردەوامیی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەرەبەیانی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.