حەماس: ئامادەین دانوستان بکەین

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا هۆشدارییەکی توندی دایە حەماس، ئەو گرووپە ئاماژەی داوە، ئامادەنە لە بارەی کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان دانوستان بکەن.

یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی دانوستانەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ڕایگەیاندوە، لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە، هەندێک پەیامی ئەمەریکامان لە بارەی ئاگربەستەوە پێ گەیشتووە، ئاماژەی داوە، پێشوازی لە هەر هەوڵێک دەکەن کە توندوتیژی لە بەرانبەر هاووڵاتییان ڕادەگرێت.

حەماس باسی لەوەش کردووە، ئامادەنە گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل بکەن و لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکان گفتوگۆ بکەن، ئەمەش بەو مەرجەی کە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە کەرتی غەززە بکشێننەوە. هەروەها حەماس داوای پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە لە ژێر سەرپەرشتی فەڵەستینی کردووە.

هەر ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی لەبارەی غەززە بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی دابوو، ئێستا کاتییەتی کە دەبێت حەماس بە ئاگربەست و مەرجەکانم ڕازی بێت، چونکە ئیسرائیل بە هەموو مەرجەکانم ڕازی بووە. هۆشداریشی دابوو حەماس ئەگەر ئاگربەستەکە قبووڵ نەکات دەرەنجامێکی خراپی دەبێت و ئەمەش کۆتا ئاگاداریی دەبێت.

دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، میدیاکان لەسەر زاری سەرچاوەیەکی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی بڵاویان کردبووە، شاندی دانوستانکاری ئەو بزووتنەوەیە، ڕازیبوونی خۆی بە پرۆژە پێشنیازی ئاگربەستی شەست ڕۆژەی غەززە بە نێوەندگیرەکان گەیاندووە.

پێشنیازە نوێیەک وەساتاندنی کاتی چالاکییە سەربازییەکان لەنێوان سوپای ئیسرائیل و حەماس بۆ ماوەی شەست ڕۆژ لە خۆ دەگرێت، هاوکات نەخشەڕێگەیەک دەبێت بۆ ئاگربەستێکی گشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕ.

ئەو پێشنیازە نوێیەی حەماس پێی ڕازی بووە، پشت بە بیرۆکەیەکی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت کە پێشنیازی ئاگربەستێکی شەست ڕۆژی و ئازادکردنی بارمتەکانی بە دوو کاروان کردووە.

بەڵام ئیسرائیل داوای کردووە کە حەماس هەموو بارمتەکان بە یەکجار ئازاد بکات، چەک دابنێت و دەستبەرداری کۆنترۆڵی غەززە بێت، لەگەڵ چەند مەرجێکی دیکەدا.

ڕۆژی هەینی 8ـی ئابی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، ئەنجوومەنی ئاسایش، پێشنیازی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە پەسەند کرد.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment