حووسییەکان فڕۆکەخانەی ڕامۆنی ئیسرائیلیان کردە ئامانج

حووسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند، فڕۆکەخانەی ڕامۆنی ئیسرائیلیان بە درۆن کردووەتە ئامانج، هەروەها ئاماژەیان بە هێرشکردنە سەر چەند ئامانجێکی دیکەی ئیسرائیلی لە نەگێڤ، ئیلات، ئەشقەلۆن، ئەشدۆد و تەلئەڤیڤ کرد.
سوپای ئیسرائیل (IDF) پشتڕاستی کردەوە، درۆنێکی حووسییەکان لە باشووری ئیسرائیل کەوتووەتە خوارەوە. بەپێی خزمەتگوزاری ئەمبولانس، کەسێک بە سووکی بریندار بووە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، "هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ڕێگری لە سێ درۆن کردووە کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوون."
لای خۆیەوە، سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند، "درۆنێکی دیکە کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو، لە ناوچەی فڕۆکەخانەی ڕامۆن کەوتە خوارەوە. هیچ زەنگێکی ئاگادارکەرەوەی هێرشی ئاسمانی لێنەدراوە، ڕووداوەکەش لەژێر پێداچوونەوەدایە."
کاریگەری لەسەر فڕۆکەخانەی ڕامۆن
دەسەڵاتی فڕۆکەخانەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای داخستنێکی دوو کاتژمێری، کارەکانی لە فڕۆکەخانەی ڕامۆن دەستیپێکردووەتەوە. گوتەبێژی خزمەتگوزاری ئەمبولانس ئاماژەی بەوەدا کە پزیشکانی فریاگوزاری یارمەتی پیاوێکی تەمەن 50 ساڵیان داوە کە بەهۆی پارچەپارچە بوونی درۆنەکە بریندار بووە. هەروەها چەند کەسێکیش تووشی حاڵەتی دڵەڕاوکێ بوون.
ماڵپەڕی هەواڵی ینێت لە زاری سوپای ئیسرائیلەوە بڵاویکردووەتەوە، لێکۆڵینەوە لە هەواڵەکانی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە لەناو فڕۆکەخانەکەدا دەکەن. تا ئێستا تەلئەڤیڤ بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاونەکردووەتەوە کە تێیدا وردەکاری زیانەکان یان برینداربوونی تێدا بێت.
پێشینەی گرژییەکان
ئەم هێرشە دوای هەڕەشەی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دێت کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە حووسییەکانی کرد.
پێشتر چەند مووشەکێک لە یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کران کە هەندێکیان لەناوبران و هەندێکی تریش لە دەرەوەی خاکی ئیسرائیل کەوتنە خوارەوە. یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان ڕایگەیاند، گرووپەکە فڕۆکەخانەی بن گوریۆنیان لە تەلئەڤیڤ بە مووشەکێکی بالیستی کردووەتە ئامانج.
حووسییەکان بەڵێنیاندا هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر بکەنەوە، دوای کوژرانی سەرۆک وەزیرانیان لەگەڵ 11 بەرپرسی دیکە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری سەنعا لە هەفتەی ڕابردوودا.
لەدوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، حووسییەکان بەردەوام مووشەکی بالیستی و درۆنیان بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە و زۆرجاریش ڕێگرییان لێدەکرێت.
هەروەها حووسییەکان لە دەریای سوور هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییە بازرگانیانەی کە دەڵێن پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان بەشێکن لە پشتیوانیکردنیان لە فەڵەستینییەکان لە غەززە.
ئیسرائیل بۆ ماوەی چەند مانگێکە وەڵامی داوەتەوە و هێرشەکانی کردووەتە سەر شوێن، دامەزراوە و ژێرخان و سەرکردەکانی حووسییەکان.