دانیشتوانی زیقار داوای پێداچوونەوە بە کەرتی پەروەردە دەکەن
لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، قوتابخانەی ئیشراقی مەککە لەباکووری پارێزگای زیقار کە قوتابخانەیەکی کەرەڤانیە ئاگری تێبەربوو، بوو بە خۆڵەمێش.
دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن؛ سەرباری ئەوەی قوتابخانەکەیان کەرەڤانی بوو، بەڵام ئەویشیان نەما، داوا دەکەن حکوومەت چاوێک بە کەرتی پەروەردە بخشێنێتەوە و قوتابخانەی ڕێک و پێک لەجێگەی قوتابخانەی کەرەڤانیان بۆ دروست بکات.
هەمو ئەوەی لەم قوتابخانەیە ماوەتەوە زەنگێکی بچوکە هەموو بەیانییەک بۆ کۆکردنەوەی قوتابیان لەناو قوتابخانەیەکی کەرەڤانی سادە لێی دەدا، بەڵام دواتر ئاگر هەموو شتێکی سوتاند. لەم قوتابخانە کەرەڤانییە لە باکووری پارێزگای زیقار، لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن ئاگر کەوتەوە، هەموو شت بوو بەخۆڵەمێش و خەونی دەیان قوتابی بوو بە دووکەڵ.
هاووڵاتییەکی زیقار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای تەنها 20 ڕۆژ لە دەستپێکردنی دەوامی قوتابخانە، سەیری ئەم قوتابخانەیە چی بەسەرهات، باشە ئەم قوتابیانە بۆ کوێ بچن؟ سەیری دۆخیان بکە، هیچ جێگرەوەیەک نییە، پەیکەری قوتابخانەیەک هەیە حەوت ساڵە وایە و کەس نایەت بەلایدا.
هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: نزیکەی 400 قوتابی لەم قوتابخانەیە دەوام دەکەن، ئەم قوتابخانەیە چەندان قوتابی پێگەیاندووە و ئێستا لە زانکۆکان دەخوێنن، بەڵام بەداخەوە دۆخی وایلێهات، قوتابیان نازانن بچن بۆ کوێی.
سوتانی قوتابخانەی ئیشراق مەککەی سەرەتایی کەرەڤانی لەسەرەتای ساڵی نوێی خوێندن، تەنها لەناوچوونێکی سادە نییە، بەڵکو نەمانی تاکە هیوای دەیان قوتابییە لەو گوندەی باکووری زیقار، کە گوندەکە بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکانەوە دەناڵێنێت.
قوتابییەکی زیقار دەڵێت: داومان لە حکوومەت هەیە چارەسەرێکمان بۆ بدۆزێتەوە، ئەم قوتابخانەیە کەرەڤانیەمان هەبوو، بەسەرمان و گەرما و خوڵ و قوڕ وانەمان تێدا دەخوێند. ئێستا ئەویش نەما و دەبێت لەشەقامەکان وانە بخوێنین.
لەکاتێکدا عێراق لەسەروبەندی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنە، قوتابیانی ئەم گوندە بەبێ پۆل و تەختە و کتێب ماونەتەوە، داواکارن دەستوەردانی بەپەلە بکرێت لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە بۆ ئەوەی لەجێگەی قوتابخانەی کەرەڤانی، قوتابخانەیەکی نوێیان بۆ دروستبکرێت، هەروەها لەو جۆرە کارەساتانە پارێزراو بن.