ترەمپ: لە ڕێککەوتنی غەززە زۆر نزیکبووینەتەوە

دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس ڕەزامەندی خۆی بۆ دانوستان و ئازادکردنی بارمتەکان نیشان دا، وەڵامی ئەمەریکا لەو بارەیەوە خێرا گەڕایەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: لە ئایندەیەکی زۆر نزیک، لەبارەی پرسی غەززە دەگەینە ڕێککەوتن.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە دوای گەڕانەوەی لە یارییەکانی کۆتایی پاڵەوانیەتی تێنسی سەر زەوی لە نیویۆرک، ئەنجامیدا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: ڕێککەوتن لەبارەی دۆخی غەززە زۆر نزیکە، گوتیشی: ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە، سەرکردەکانی ئەورووپا دەگەنە ئەمەریکا و لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەی ڕێگەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکرێت، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، بەم نزیکانە لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن قسە دەکات.
ئەو لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدا هات کە، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: لەگەڵ نێوەندگیرەکان گفتوگۆی کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی بەرانبەر بگاتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و ئاگربەست ڕابگەیەندرێت، هاوکات بارمتەکان ئازاد بکرێن.