بنکە و بارەگای بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و میلیشیاکان ناوچەی کەرخی بەغدایان تەنیوە

ماوەی چەند مانگێکە، بارەگای گرووپە چەکدارەکان گەورە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، ڕوویان لە ناوچەی کەرخی بەغدا کردووە و ئارامی ئەو بەشەی پایتەختی عێراقیان تێکداوە، شەڕە تەقە، کوشتن، دزی و تاڵانکردن لەم بەشەدا زۆر زیادیان کردووە.

فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی دەرکردووە، ڕێکاری ئەمنی توند بگیرێتە بەر، بۆ ئەوەی ئارامی بۆ ناوچەی کەرخی بەغدا بگەڕێتەوە.

ئایە محەممەد، ئافرەتێکی دانیشتووی ناوچەی کەرخی بەغدایە و بۆ کوردستان24 گوتی: گەڕەکەکەمان زۆر بێ کێشە و ئارام بوو پێشتر، بەڵام خەڵکێکی دیکە، لە گەڕەکەکانی دیکەی بەغداوە، بەتایبەت لە بەشی ڕەسافەوە هاتوونەتە کەرخ، خەڵکی عەشایرن و ئاژاوەگێڕی دەکەن، ژیان و گوزەرانی خەڵکی دانیشتووی کەرخیان تێکداوە، ئەمە لە کاتێکدا دانیشتووانی کەرخ، خەڵکی ڕۆشنبیر و بێ کێشەن.

حاڵەتەکانی کوشتن و دزی و شەڕە تەقە، بەشێکی ئەو تاوانانەن کە لە بەری کەرخی بەغدا زیادیان کردووە، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرخ ڕاسپێردراوە، ڕێکارە ئەمنییەکان توند بکەن، چونکە دواجار زۆرینەی ماڵی بەرپرسان و سەرمایەدارانی عێراق لە بەشی کەرخن، دۆخی ئەمنی ئەو بەشە تێکبچێت، ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕەوشی ئەمنی و ئابووری تەواوی عێراق دروست دەکات.

عەباس جبووری، شارەزای ئاسایش بۆ کوردستان24 گوتی: ماڵەکان پارێزراون و خەڵکەکەی ڕۆشنبیر و هۆشیارن، ئەوە مانای ئەوە نییە خەڵکی ڕەسافە ڕۆشنبیر نین، بەڵام خەڵکانێک لەوێوە هاتوونەتە کەرخ و حزبەکانیان لەپشتە، تاوانیان ئەنجامداوە، خەڵکیان کوشتووە و بازرگانی ماددەی هۆشبەرن، دەڵێت: پێویستە ئاسایشی نیشتمانی ڕۆڵی خۆی ببینێت، لەگەڵ ئەنجوومەنی گەڕەک ماڵ بە ماڵ بگەڕێن و لێپێچینەوە بکەن، بزانن ئەو خەڵکانە کێن و بۆچی هاتوون، پێویستە هەموو شتێکیان لەبارەوە بزاندرێت.

لەسەردەمی شەڕی تایفی، سوننە مەزهەبەکان لە بەشی کەرخ و شیعەکانیش لە بەشی ڕەسافە، زوو زوو شەڕ و پێکدادان لەنێوانیاندا ڕووی دەدا، لە ساڵی 2005 تاکوو ساڵی 2012، بەو هۆیەوە هەزاران کەس کوژران، دوای کۆتایی هاتنی شەڕی مەزهەبی، بەشی کەرخی بەغدا تا ڕاددەیەک ئارامی بۆ گەڕایەوە، بەڵام بەشی ڕەسافە تاکوو ئێستاش، بارەگای گرووپە چەکدارەکان و گەورە بازرگانانی ماددەی هۆشبەری لەخۆگرتووە و دۆخی ئەمنی نا سەقامگیرە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment