دەرچووانی کۆلێژەکانی خانەقین ماوەی 20 ڕۆژە لە دژی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق مانیان گرتووە
دەرچووانی کۆلێژەکانی خانەقین ماوەی 20 ڕۆژە مانیان گرتووە و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەن، دان بە بڕوانامەکانیان بنێن، دەشڵێن: ئەگەر کێشەکەیان چارەسەر نەکرێت ئەوە بەردەوام دەبن لە مانگرتن.
زیاتر لە بیست رۆژە لەگەڵ کچەکەی لێرە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، خێمەی دەرچووە مانگرتووەکانی خانەقینە، هەموو ئەوانەی لێرەن قۆناغی زانکۆیان تەواو کردووە، بەڵام لە دامەزراندن بێبەش کراون.
ئەیوب حەسەن، باوکی دەرچوێکی زانکۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، من باوکی سێ کچم کە هەموویان دەرچووی کۆلێژی 'زمان و زانستیی مرۆڤایەتی'ین، کە یەکێکیان دەرچووی بەشی زمانی عەرەبی و ئەوەی دیکە دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزی و سێیەمیان دەروونزانی تەواو کردووە.
گوتیشی: ئیستا دان بە بڕوانامەکانیان نانێن، بۆیە من ماوەی 20 ڕۆژە لەگەڵ ئەم گەنجانە لێرەم و داوای مافی خۆمان دەکەین، هەروەها حکوومەتی عێراق دەڵێت: کۆلێژەکەتان دانپێدراو نییە و بەزێدەڕۆیی لەسەر زەوی عێراق دروستکراوە.
داواکاری ئەو دەرچوانەی ژێر ئەم خیوەتە، دامەزراندن و داننانە بە بڕوانامەکانیان، هەر یەکەیان بەشێکی خوێندنیان لە زانکۆی حکوومی گەرمیان تەواو کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق دان بە بڕوانامەکانیان نانێ و لە دامەزراندن بێبەشی کردوون، بۆیە لێرە خیوەتی ناڕەزایەتیان هەڵداوە و مانیان گرتووە.
ڕاژان مەجید، نوێنەری قوتابیان دەڵێت: ئێمە هەموومان لێرەین و ماوەی 20 ڕۆژە مانمان گرتووە و دەرچووانی کۆلێژەکانی سەر بەزانکۆی گەرمیانین، بۆیە بریارمان داوە تاوەکوو دان بە بڕوانامەکانمان نەنێن، ڕێگە بە کردنەوەی دەرگای کۆلێژەکان نادەین.
گوتیشی: حکوومەتی عێراق لەسەر کێشەی زەوی و زار، سزای قورسی دەرچووانی ئێمەی داوە، کە ئەمەش نادادییە و لە هیچ وڵاتێک و یاسایەک شتی وا نییە، بۆیە تاوەکوو داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت ناهێڵین دەوام لە کۆلێژەکان بکرێت.
ئەم دەرچووانەی خانەقین نیگەرانن لەوەی حکوومەتی عێراق لە دامەزاراندن بێبەشی کردوون، بۆیە دەیانەوێ لە ڕێگەی ناڕەزایەتی و مانگرتن دەنگیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بگات، داواش دەکەن ئەوان نەکرێتە قوربانی ململانێ سیاسییەکان.
ئەم باوكەی لە نێو خیوەتی قوتابییە مانگرتووەكانەوە بۆ داھاتووی كچەكانی وەستاوە، یەكێكی دیكەیە لە دەنگی سەدان خێزان و قوتابییەكان بۆ ئەوەی مافی دەرچووانی زانكۆ نەفەوتێت و حكوومەتی فیدراڵ جیاوازی نەكات لە دامەزراندنیان و داننان بە بڕوانامەكانیان.