تەندروستی گشتی دهۆک: هەردوو توشبووەکەی تای خوێنبەربوون نەخۆشخانەیان بەجێهێشت

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک ڕایگەیاند: هەردوو توشبووەکەی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگاکەی، دوای وەرگرتنی چارەسەری، نەخۆشخانەیان بەجێهێشت.
دووشەممە 8ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک ڕایگەیاند: دوای چەند ڕۆژێک لە وەرگرتنی چارەسەری پێویست، هاوکات چاودێری و بەدواداچوونی تەندروستی، ئەو دوو هاووڵاتییەی سنووری پارێزگای دهۆک کە دووچاری نەخۆشی تای خوێنبەربوون ببوون، بە تەندروستی باش و جێگیر، نەخۆشخانەیان بەجێهێشت.
تەندروستی گشتی دهۆک ڕایدەگەیەنێت، ستافێکی تایبەتی تەندروستییان بۆ بەدواداچوونی حاڵەتەکانی لەو شێوەیە تەرخان کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری دهۆک، دەستیان بە هەڵمەتێکی ڕشاندنی مەڕ و ماڵات و ئاژەڵەکان لەسنوورەکە کردووە، هەڵمەتەکەش لەپێناو ڕێگرییە لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون.
30ـی ئابی 2025، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندبوو، حاڵەتێکی نوێی نەخۆشی 'تای خوێنبەربوون' لە پارێزگای دهۆک تۆمار کراوە، کە پیاوێکی تەمەن 43 ساڵی دانیشتووی شاری 'سێمێل'ـە و پیشەی گۆشتفرۆش (قەساب)ـە.
سەنا سەلیم، گوتەبێژی ڤێتێرنەری دهۆک، پێشتر لە 28ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتبوو: بەهۆی گومانکردن لە هەبوونی حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە سنووری 27 گوندی شارۆچکەی سێمێل، بڕیاری کەرەنتینەکردنیان بۆ ماوی 45 رۆژ درا.