وەزیری تەندروستی پڕۆژەی "یەک تەندروستی" ڕاگەیاند

ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2025، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ستراتیژی نوێی "یەک تەندروستی"ـی ڕاگەیاند و جەختی لەسەر چەندین پرسی گرنگی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و مەترسییەکانی سۆشیاڵ میدیا کردەوە.

یەک تەندروستی (One Health) چییە؟
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی گوتی: ئەم پڕۆژەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) جێبەجێ دەکرێت. ئامانجی پڕۆژەکە کۆکردنەوەی هەوڵەکانە بۆ پاراستنی تەندروستی مرۆڤ، ئاژەڵ و ژینگە وەک یەک پاکێج، چونکە تەندروستی هەموویان بەیەکەوە بەستراوەتەوە.

سەرکەوتن بەسەر قەیرانەکاندا
وەزیری تەندروستی باسی لەوەشکرد، کابینەی نۆیەمی حکوومەت، سەرەڕای قەیرانە سەختەکانی وەک شەڕی داعش، قەیرانی دارایی و هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە، توانیویەتی بە سەرکەوتوویی مامەڵە لەگەڵ قەیرانی کۆرۆنادا بکات، ئەوەش بەهۆی کاری پێکەوەیی تیمە حکوومییەکان بووە.

بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان
سامان بەرزنجی ڕایگەیاند، یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2020، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا سیستەمێکی نوێ بۆ دەرمانخانەکان پەیڕەو دەکرێت، بەپێی ئەم سیستمە، دەرمانە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان تەنیا بە "ڕەچەتەی سوور" دەفرۆشرێن، ئەمەش بۆ ڕێگریکردنە لە بەکارهێنانی نادروستی ئەو دەرمانانە.

مەترسییەکانی سۆشیاڵ میدیا
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری تەندروستی هۆشداری دا لەبارەی بڵاوبوونەوەی زانیاری هەڵە و بانگەشەی پزیشکی بێ بنەما لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. گوتیشی: "سۆشیاڵ میدیا بووەتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ناهۆشیاری و بازرگانیکردن بە تەندروستی خەڵکەوە." داواشی لە هاووڵاتیان کرد کە بە هیچ شێوەیەک بڕوا بەو دەرمان و چارەسەرانە نەکەن کە بە ئۆنلاین و بەبێ پشکنین و مۆڵەتی فەرمی بانگەشەیان بۆ دەکرێت.

گۆڕانی کەشوهەوا
هەروەها باس لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کێشەی بەرگری دژە میکرۆبەکان کرا، کە بەهۆی بەکارهێنانی هەڵەی ئەنتی بایۆتیکەوە دروست دەبێت و مەترسییەکی "بێدەنگە" لەسەر تەندروستی جیهانی و ناوخۆیی.

لەکۆتاییدا بڕیاردرا بە ڕێکخستنەوەی لیژنەی باڵای (One Health) بۆ ئەوەی نوێنەری سەرجەم وەزارەت و سەندیکا پەیوەندیدارەکان لەخۆبگرێت بەمەبەستی دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ داهاتووی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان.

 
 

 

Fly Erbil Advertisment