دەریای کاریبی، بەرەی شەڕی نوێی ئەمەریکا و ئێران

دوای زەبرە کوشندەکەی هەفتەی ڕابردووی ئەمەریکا لە دەریای کاریبی و بڕیاری ناردنی 10 فڕۆکەی جەنگیی دیکە بۆ بەشداریی لە هێرشکردنە سەر گرووپە قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان، ڤەنزەوێلا بڕیاری دا هێزەکانی خۆی لە ویلایەتە کەناراوییەکانی وڵاتەکەی، بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپانە زیاد بکات.

دووشەممە، 8ـی ئەیلوول 2025، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکییەوە بڵاوی کردووەتەوە "هێرشەکەی ئەمەریکا زەبرێکی گەورەی بە گرووپی ترێن دی ئاراگوا گەیاندووە. ئەم گرووپە  لە نزیکەوە کار لەگەڵ (کارتێلی هەتاوەکان Cartel  of the Suns) کە تۆڕێکی پێکهاتووە لە دەستەبژێری سەربازیی ڤەنزوێلا و ماوەیەکی درێژە تۆمەتبارن بە بازرگانیی کۆکاین بە هاوکاری لەگەڵ حزبوڵڵا. "

ئانا کێلی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بە فۆکس نیوز دیجیتاڵی ڕاگەیاند "سەرۆک ترەمپ، چەندان ڕێکاری گرتووەتەبەر بۆ سنووردارکردنی بریکارەکانی ئێران وەک حزبوڵڵا، بە سزادانی بەرپرسە باڵاکان و ئاسانکارە داراییەکان. سەرۆک ترەمپ، سەلماندوویەتی کە لێپرسینەوە لە هەر گرووپێکی لەوجۆرە دەکات کە لە ڕێگەی قاچاخچییەتی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەمان بکات."

براین تاونسێند، بریکاری تایبەتی خانەنشینکراوی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بە 'فۆکس نیوز'ی ڕاگەیاند "ئەمە گورزێکی یەکلاکەرەوە بوو دژی قاچاخچیانی ماددە هۆشبەرەکان."

ئەو هەروا گوتی: ڕۆڵی حزبوڵڵا بە دەگمەن دیارە؛ ئەوان ڕاستەوخۆ بەشداریی لە پرۆسەکەدا ناکەن، بەڵکوو پارە سپی دەکەنەوە و تۆڕی پەیوەندی دابین دەکەن بۆ یارمەتیدانی کارتێلەکان تا پارە لە ڕێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بنێرن. بە سادەیی، ئەوان پشکێک لە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان وەردەگرن، کە دواتر بۆ  پشتیوانیی دارایی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکار دێت.

ڕەوەندی شیعە لە ئەمەریکای ناوەڕاست و باشوور

دانی سیترینۆڤیچ، هاوکارێکی باڵا لە پەیمانگای ئیسرائیل بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی، گوتی: دەسەڵاتی حزبوڵڵا بە شێوەیەکی بەرچاو پشت بە ڕەوەندی لوبنانی لە ناوچەکە دەبەستێت. زۆرینەی ڕەوەندی شیعە، لانیکەم لە ئەمەریکای ناوەڕاست و باشوور، لوبنانین و حزبوڵڵا پەیوەندییەکە لە نێوان ئەو ڕەوەندە و ئێراندا دروست دەکات.

سیترینۆڤیچ دەڵێت ”حزبوڵڵا، پەیوەندیی خێزانی، زمان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگە بەکار دەهێنێت بۆ چەسپاندنی هەژموونی خۆی لە سەرانسەری ئەمەریکای لاتیندا. ئەوان ئیمامی مزگەوتەکان دادەمەزرێنن، پارە بۆ ناوەندە ئایینییەکان دابین دەکەن و بەرنامەکانی خوێندن کۆنترۆڵ دەکەن.. لە ڕێگەی ئەم تۆڕانەوە، حزبوڵڵا دەتوانێت هاوکاری لەگەڵ کارتێلە ناوخۆییەکاندا بکات، ماددە هۆشبەرەکان بفرۆشێت و قازانجەکان بگەڕێنێتەوە بۆ لوبنان."

بە گوتەی سیترینۆڤیچ  "ڕۆڵی دروستکردنی پەیوەندی، حزبوڵڵا دەکاتە بەشێکی سەرەکی لە ستراتیجیی ئێران لە ڕۆژئاوای گوی زەویدا.  ئەم پەیوەندییە بە دوژمنایەتیی بەرانبەر ڕۆژئاوا بە گشتی و بە تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەست پێ دەکات و کۆتایی دێت. تا مادورۆ لەوێ بێت، ئێرانییەکانیش لەوێ دەبن. بەڵام ئەگەر مادورۆ بڕوات، ئێران گرنگترین پێگەی چالاکییەکانی خۆی لە ئەمریکای لاتین لەدەست دەدات."

ڤەنزەوێلا دۆستە دوور و کاریگەرەکەی ئێران

تاونسێند، ڕایگەیاند "هاوبەشیی ئێران لەگەڵ مادورۆ وادەکات حزبوڵڵا بتوانێت لە ڤەنزوێلا کار بکات. ئێران دەتوانێت بە سەلامەتی، لە ڕێگەی حزبوڵڵاوە، لە ڕۆژئاوا بەبێ لێپرسینەوە کار بکات و مادورۆ و بەرپرسەکانیشی پارەیەکی باش وەردەگرن. لە کۆتاییدا، ئێران مادورۆ بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار دەهێنێت." 

بە بڕوای تاونسێند  "لە ژێر دەسەڵاتی مادورۆ و چاڤێزدا، ڤەنزوێلا بووەتە ناوەندێکی گەورەی گواستنەوەی کۆکاینی کۆلۆمبی. بەرپرسانی باڵای حکوومەت ڕاستەوخۆ ژێرخانەکانی دەوڵەت 'بەندەرەکان، بنکە ئاسمانییەکان، تەنانەت کاروانی سەربازیش' بۆ گواستنەوەی باری زەبەلاحی کۆکاین بە کار دەهێنن. 'کارتیلی هەتاوەکان' کە  ئەفسەرانی پلە باڵای سەربازین، بارەکانی کۆکاین دەگوێزنەوە و دەیانپارێزن. سپی کردنەوەی پارەی ئەم ماددە هۆشبەرانەش لە لایەن حزبوڵڵاوە جێبەجێ دەکرێت."

سیترینۆڤیچ، جەخت لەسەر وەبەرهێنانی ئێران لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی ڤەنزوێلا  دەکاتەوە و دەڵێت " کارگەکانی ئێران کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (UAV) بۆ سوپای ڤەنزوێلا دروست دەکەن و ئەندامانی سوپای قودس لە ڕێگەی ئەفەریقاوە بەردەوام هاتوچۆی ڤەنزەویللا دەکەن. ئێران، ڤەنزوێلا فێری ئەوە دەکات کە چۆن سزاکان تێ پەڕێنێت و لەم ڕێگەیەشەوە ملیارەها دۆلاری لە ئابوورییەکەدا وەبەرهێناوە."

هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ئەمەریکا

 تاونسێند دەڵێت ""باشترین جۆری فشاری واشنتۆن لە خنکاندنی سەرچاوە داراییەکاندایە؛ پێویستە بە شێوەیەکی توند ئەو تۆڕە قاچاخچییانە گەمارۆ بدەین و بیانخنکێنین. دەبێت هێرش بکرێتە سەر تۆڕە دارایی و لۆجستییەکان و فشار لەسەر مادورۆ دروست بکەین. ئەگەر بتوانین شادەمارە داراییەکان ببڕین، بازرگانیی کۆکاین ئەوەندە قازانجی نابێت."

سیترینۆڤیچ، هاوڕا بوو کە هێرشەکەی ئەمەریکا لە چوارچێوەی هەوڵێکی فراوانتردایە و دەڵێت"بە لاوازکردنی مادورۆ، ئەمەریکا ئامادەیی ئێران لە ئەمەریکای لاتین لاواز دەکات و توانای ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە خاکی ئەمەریکا کەم دەکاتەوە." 

بە بڕوای شارەزایان، بۆ واشنتۆن، ئیمپراتۆریی ماددە هۆشبەرەکانی حزبوڵڵا لە ڤەنزوێلا، چیتر تەنها کێشەیەکی هەرێمی نییە، بەڵکوو زیاتر وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

 

 

 

 
Fly Erbil Advertisment