لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بێئاوی مەترسی لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆری باڵندە هەیە

وشکبوونی دەریاچە و گۆلاوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە. تاڵاوی کانی بەرازانی مەهاباد کە ژینگەی هەزاران پەلەوەر و ئاژەڵ و چەندین جۆر مار و ماسی بوو ئەم ڕۆژانە بە تەواوی وشک بووە. ژمارەیەک لە گوندنشینانی ناوچەکە بۆ ڕزگارکردنی ئاژەڵ و باڵندەکان چاڵێکیان هەڵکەندووە و بە پۆمپێک ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکەن و هیوادارن بە دەستپێکردنەوەی باران بارین لە ناوچەکە تاڵاوەکەش زیندوو بێتەوە.

تاڵاوی کانی بەرازان کە لە 30 کیلۆمەتریی باکووری رۆژهەڵاتی مەهاباد هەڵکەوتووە بە تەواوی وشک بووە و یەک دڵۆپ ئاوی تێدا نەماوە. وشکبوونی ئەم تاڵاوە جیا لەوەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و کەرتی گەشتیاریی ناوچەکەی تووشی زیانێکی زۆر کردووە، ژینگەپارێزانیشی زۆر نیگەران کردووە. تاڵاوی کانی بەرازان ژینگەی هەزاران پەلەوەر و ئاژەڵی کێوی و چەند جۆر ماسی بوو کە بە وشک بوونی تاڵاوەکە بەشێکیان لەناو چوون، بەشێکیان ناوچەکەیان جێ هێشتووە و ئەوانەی ماونەتەوە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.

ئاسۆ سولەیمانپوور، ژینگەپارێز، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هۆکاری سەرەکی بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی دابارین دەگەڕێتەوە، گۆڕانکاری کەشوهەوا هۆکارێکی دیکەیە، هەروەها زۆربەی کارە ئاودێرییەکان جوتیاران بەخۆیان سەرپەرشتی دەکەن.

ڕەمەزان شەل،  دانیشتووی گوندی خوڕخوڕە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: وەکوو کارێکی مرۆیی هاتووین لەو شوێنە چاڵ دروست بکەین، بۆ ئەوەی باڵندەکان ئاوی لێ بخۆنەوە، هەرچەندە ئاوەکە کەمە، بەڵام لە ناچاری هەر باشە، لە زۆربەی شوێنەکان بەهۆی کەمئاوی و بێئاوییەوە مەترسی مردبوونەوەی ژمارەیەکی زۆری باڵندە ئاویییەکان هەیە.

تاڵاوی کانی بەرازان کە لە کاتی پڕئاویدا ڕووبەرەکەی هەزار و 50 هێکتار بوو و قووڵایی ئاوەکەی دەگەیشتە 60 سانتی مەتر، ژینگەی 180 جۆر باڵندە و چەندین جۆر ئاژەڵی دیکە بوو. بەشێک لەو باڵندانە وەک مراویی سەرسپی، مراویی مەڕمەڕی و زیقاوڵە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەر بوو و ئێستا بە وشک بوونی تالاوەکە ژینگەپارێزان نیگەرانن ئەو باڵندانە بە تەواوی لەناو بچن.

 
 

 

Fly Erbil Advertisment