پەرلەمانی فەرەنسا متمانەی لە حکوومەت ساندەوە

پەرلەمانی فەرەنسا متمانەی لە حکوومەتەکەی فرانسوا بایڕۆی ساندەوە ئەمەش دوای تەنیا نۆ مانگ لە وەک سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە دەستبەکاربوو؛ هاوکات بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوو سەرۆکی فەرەنسا، سەرۆک وەزیرانێکی نوێ دەستنیشان بکات.
دووشەممە 8ـی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، لە دەنگدانی پەرلەمانی فەرەنسا، 364 ئەندام دەنگیان بە لێسەندنەوەی متمانە بە حکوومەت دا و 194 ئەندامی دیکەش دەنگیان بە پێ بەخشینی متمانە دا، لەو بارەوە یاێل براون پیڤێت سەرۆکی پەرلەمانی فەرەنسا گوتی: "بەپێی ماددەی 50ی دەستوور، سەرۆک وەزیران دەبێت دەستلەکارکێشانەوە پێشکەشی حکومەت بکات."
کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا لەو بارەوە ڕاگەیەندراویکی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، ماکرۆن، سبەی دەست لەکارکێشانەوەی فرانسوا بایڕۆ قبووڵ دەکات و لە چەند ڕۆژی داهاتوو سەرۆک وەزیرانێکی نوێ هەڵدەبژێرێت.
فرانسوا بایڕۆ کە تەنیا نۆ مانگە وەک سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا دەست بەکاربوو، داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد دەنگدانی متمانەیی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی درێژخایەن لەسەر بودجەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کرد، کە نزیکەی 44 ملیار یۆرۆ بۆ کەمکردنەوەی قەرزەکانی فەرەنسا پاشەکەوت بکرێت، بەم کارەی تەنانەت هاوپەیمانەکانیشی سەرسووڕمان کرد.
سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا لەبارەی پرۆژە یاساکە، لە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی: "گەورەترین مەترسی ئەوەیە کە هیچ هەنگاوێک نەنرێت، ڕێگە بدرێت شتەکان وەک خۆیان بەردەوام بن بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک." دەشڵێت: ڕاستە ئێوە دەسەڵاتی ڕووخاندنی حکوومەتتان هەیە، بەڵام ناتوانن ڕاستییەکان بشارنەوە.
بایڕۆ، قەرزەکانی وڵاتەکەی بە "مەترسی بۆ سەر ژیان" بۆ فەرەنسا ناو برد و باسی لەوە کرد، حکوومەت پلانێکی داناوە تاوەکوو وڵات بتوانێت "لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا لە قەرزە کەڵەکەبوونەکانی ڕزگاری بێت."
بایڕۆ، یەکەم سەرۆک وەزیرانە لە مێژووی هاوچەرخی فەرەنسادا کە لە ڕێگەی لێسەندنەوەی متمانە لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە، ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری کەسێکی نزیکی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، سبەی سێشەممە دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەش دەکات. هەروەها بایڕۆ شەشەمین سەرۆک وەزیرانە لە سەردەمی ماکرۆندا لەدوای هەڵبژاردنی لە ساڵی 2017.