بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 5.3 پلەی ڕێختەر یۆنانی هەژاند

ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، دەسەڵاتدارانی یۆنان ڕایانگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.3 پلەی ڕێختەر دوورگەی ئێڤیای هەژاند و لە ئەسینای پایتەخت هەستی پێکرا، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لێنەکەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیمانگای جیۆداینامیک لە ڕوانگەی نیشتمانی بومەلەرزەزانی لە ئەسینا، بوومەلەرزەکە کاتژمێر 12:30 خولەکی شەو بە کاتی ناوخۆ ڕوویداوە. ناوەندیی بوومەلەرزەکە دەکەوێتە دەریاوە، بە دووری 45 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەسینا و چوار کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی هاوینەهەواری نیاستیرا، باشووری ڕۆژئاوای ئێڤیا، کە دووەم گەورەترین دوورگەی یۆنانە.

ستێرجیۆس تسیرکاس، سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی ماراسۆن، کە نزیکە لە ناوەندیی بوومەلەرزەکە، بە کەناڵی تەلەفزیۆنی گشتیی ERTی ڕاگەیاند، "بوومەلەرزەکە زۆر بەهێز بوو، بەڵام خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ زیانێکمان پێنەگەیشتووە."

شاری ئەسینای پایتەخت و دەوروبەری نزیکەی سێ ملیۆن کەس تێیدا نیشتەجێن و یۆنان بە گشتیی ناوچەیەکی چالاکە لە ڕووی بومەلەرزەوە. لە مانگی ئایاری ئەمساڵیشدا، بوومەلەرزەیەکی بەهێزتر بە گوڕی 6.1 پلە لە کەناراوەکانی دوورگەی کریتی یۆنان ڕوویدا و لە میسر و تورکیا و ئەسیناش هەستی پێکرا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment