عەباس عراقچی و ڕافایل گرۆسی لە میسر کۆدەبنەوە

میسر ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، میوانداری گفتوگۆ گرنگەکانی نێوان عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، و ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (IAEA) دەکات، کە تایبەت دەبن بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمی ئەحرام، بەدر عەبدولعەتی، وەزیری دەرەوەی میسر، لە کۆشکی تەحریر لە قاهیرە پێشوازی لە عراقچی و گرۆسی دەکات. دوای کۆبوونەوەکان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش بۆ ڕاگەیاندنی خاڵە سەرەکییەکانی دانوستانە سێ قۆڵییەکان بەڕێوەدەچێت.
دوێنێ دووشەممە، وەزیری دەرەوەی میسر دوو پەیوەندی تەلەفۆنی جیاوازی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئەنجامدا. وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەم پەیوەندییانە بە ئامانجی "ئامادەکردنی مەرجەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئاژانس سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران" بوون.
لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەم هەوڵانەی میسر لە چوارچێوەی "هەوڵە چڕ و پڕەکانی میسر دێت بۆ گەیشتن بەو لێکگەیشتنانە کە بەشدارن لە یەکگرتنی بۆچوونەکانی ئێران، ئەمەریکا و سێ وڵاتی زلهێزی ئەورووپی (E3)، بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەتێک بۆ چارەسەری دیپلۆماسی، گفتوگۆ، گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان و یەکلاییکردنەوەی کۆدەنگی سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران."
لەلایەکی دیکەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند، تاران ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی "ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە" سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، سزاکانی سەر ئێران لە بەرامبەر سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵدەگیرێن. عراقچی هەروەها ئیدانەی چالاککردنی "میکانیزمی گەرانەوەی سزاکانی لەلایەن ترۆیکای ئەورووپی (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا کرد.
پێشتر، سەڵتەنەتی عەممان میوانداری پێنج خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆی ناوەکی نێوان ئێران و ئەمەریکای کردبوو، بەڵام ئەم گفتوگۆیانە دوای سەرهەڵدانی ململانێی نێوان تاران و ئیسرائیل لە 13ی حوزەیران ڕاوەستان.