لە هەولێر شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنانی خانووبەرە دەکرێتەوە

کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، بە ئامادە بوونی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنانی خانووبەرە لە هەولێر دەکرێتەوە.

ئەم پێشانگەیە بە یەکێک لە گەورەترین پێشانگەکان وەبەرهێنانی خانووبەرە دادەنرێت، کە 280 کۆمپانیای ناوخۆ و بیانی بەشدارن، کۆمپانیا بیانییەکانیش لە 16 وڵاتی جیاوازەوە هاتوون.

وڵاتە بەشداربووەکان بریتین لە تورکیا، ئێران، سەڵتەنەتی عەممان، ئیمارات، یۆنان، قەتەر، لوبنان، ئەڵمانیا، سعوودیە، چین، ئیتاڵیا و ئیسپانیا، کە پڕۆژە و دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی خانووبەرە نمایش دەکەن.

پێشانگەکە بۆ چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت و هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر 10:00 بەیانی تاوەکوو 6:00 ئێوارە کراوە دەبێت. ئەمەش دەرفەتێکی زێڕین دەڕەخسێنێت بۆ کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتن و گرێبەستی هاوبەش، بەمەش دەبێتە پردێک بۆ پەرەپێدانی سێکتەری خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

هەروەها، پێشانگاکە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی پڕۆژەکانیان نمایش دەکەن تاوەکو هاووڵاتیان بتوانن ڕاستەوخۆ یەکەی نیشتەجێبوون لەو پڕۆژانە بکڕن. لەلایەکی دیکەوە، یەکێک لە مەرجەکانی دەستەی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژە وەبەرهێنانییەکان بە گشتیی ئەوەیە کە دەبێت ڕێژەی 75%ی دەرفەتەکانی کار بۆ هاووڵاتییانی ناوخۆ بێت. ئەمەش وا دەکات پێشانگاکە ببێتە دەرفەتێکیش بۆ ئەو کەسانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن تاوەکو سیڤییەکانیان پێشکەش بە کۆمپانیا بەشداربووەکان بکەن و دەرفەتی کار بۆیان بڕەخسێت.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment