هەردی حاجی سەلام: ئۆفەر و داشکاندن لە پێشانگای خانووبەرە بۆ هاووڵاتییان کراوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، هەردی حاجی سەلام، سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتی وەبەرهێنانی خانووبەرە لە هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمە شەشەمین پێشانگای وەبەرهێنانی خانووبەرەیە کە بە پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرهێنان بەڕێوەدەچێت.
سەرپەرشتیاری پێشانگاکە دەڵێت: لە پێشانگاکەدا 280 کۆمپانیا لە 16 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن، کە بریتین لە کۆمپانیاکانی خانووبەرە، وەبەرهێنان، نیشتەجێبوون و کۆمپانیاکانی کەرەستەی بیناسازی.
دەشڵێت: پێشانگاکە ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژییەتی و ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت. ڕۆژانە لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ تا 8:00ـی ئێوارە کراوە دەبێت.
هەردی حاجی سەلام داوای لە هاووڵاتییان کرد لە ماوەی ئەم چوار ڕۆژەدا سەردانی پێشانگاکە بکەن، چونکە کۆمپانیا بەشداربووەکان ئۆفەر و داشکاندنی تایبەت و دیاریی بە نرخ پێشکەش دەکەن. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە زۆربەی پڕۆژەکان گرنگییان پێدراوە و هاووڵاتییان دەتوانن سوودمەند بن لە داشکاندن و ئۆفەرە باشەکان بۆ بەدەستهێنانی یەکەی نیشتەجێبوونی خواستی خۆیان.