ھۆشداری كارەساتی تەندروستی لە رۆژئاوای كوردستان دەدرێت
ھاووڵاتییان لە رۆژئاوای كوردستان خۆیان ناپارێزن
K24 - قامشلۆ
لە رۆژئاوای كوردستان ژمارەی توشبووانی كۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە، لەگەڵ ئەوەشدا ھاووڵاتییان خۆیان ناپارێزن و بەرێوەبەرایەتی خۆسەریش رێكاری نوێ ناگرێتەبەر. پزیشكەكانیش دەڵێن، ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، كارەسات روودەدات.
لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەكانی رۆژئاوای كوردستان كەم ھاووڵاتیی ھەن، كە دەمامكیان بەستبێ، بەگشتی خەڵك پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا نابن.
محەمەد خەلەف، جێگری دەستەی تەندروستی لە رۆژئاوای كوردستان مەترسی خۆی لە ھەڵكشانی ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا خستەڕوو بە كوردستان24ی گوت: "تاكە رێگە ئەوەیە خەڵك رێنماییەكان جێبەجێ بكات و خۆی و دەوروربەری بپارێزێت، ئێمە تەنھا دەتوانین رێنمایی بە ھاووڵاتییان بدەین. ئەگەر لە وەرزی زستان رەوشی تەندروستی بەرەو خراپتر بچێت ناچارین، رێوشوێنی دیكە بگرینەبەر".
قەیرانی دارایی و شەڕی ناوخۆ، كاریگەری راستەوخۆی ھەیە بۆسەر كەرتی تەندروستی لە سووریا، دەرمان و پێداویستیە تەندروستییەكان لە نەخۆشخانەكانی رۆژئاوای كوردستان بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان زۆر كەمە و گرفتێكی سەرەكییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا. لە سەرەتاسەری رۆژئاوای كوردستان تەنھا 29 ئامێری ھەناسەدان ھەن.
د. لیاد عەبدولكەریم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فەرمان لە قامشلۆ دەڵێ: "بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە قۆناغێكی مەترسیدار دایە، گرتنەبەری رێكارەكان لە ئاست ئەو مەترسییە نین كە لە ئارادایە".
ھەرچەندە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان تووشی كۆرۆنا بوونە، بەڵام زۆربەیان سەردانی نەخۆشخانە ناكەن و پشكنینیان بۆ نەكراوە، بەگوێرەی ئامارەكانی دەستەی تەندروستی تائێستا 2 ھەزار و 351 كەس وەك ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كراون و 79 كەسیش گیانیان لەدەستداوە، بەگوتەی پزیشكان ژمارەی تووشبووان زۆر لەوە زیاترە، بەڵام زۆر لە ھاووڵاتییان پشكنینیان ئەنجام نەداوە.
ھ.م