حەماس: ئیسرائیل لە تیرۆرکردنی ئەندامانی شاندی دانوستانکارمان لە دەوحە شکستی هێنا

بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا، تیرۆرکردنی ئەندامانی شاندی دانوستانکاری غەززەی ڕەت کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، لە هێرشەکەی ئەمرۆی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای سەرکردەکانی بزووتنەوەکە لە قەتەر، پێنج کەس کوژران.

سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، بزووتنەوەی حەماس، لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمرۆی ئیسرائیلی بۆ سەر بارەگای بزووتنەوەکە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کرد، هاوکات هێرشەکەی بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان لە قەڵەم دا.

بزووتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل ئەمڕۆ لە تیرۆرکردنی ئەندامانی شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەکە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر شکستی هێنا.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای بزووتنەوەکە لە دەوحە پێنج کەس کوژران کە ئامانەی خوارەوەن:

-ئەبو بیلال، بەڕێوەبەری نووسینگەی خەلیل حەییە، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە.

-ئەبو ئەحیا، کوڕی خەلیل حەییە.

-عەبدوڵڵا عەبدولواحید، ئەبو عومر و ئەبو مەلیک، ئەندامانی نووسینگەی خەلیل حەییە.

بزووتنەوەکە دەڵێت: هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی ئەندامانی شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەکە لە قەتەر، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ناتانیاهۆ و حکوومەتەکەی نایانەوێت هیچ ڕێککەوتنێک بۆ مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل، بە هەماهەنگیی دەزگای ئاسایشی ناوخۆیی وڵاتەکە (شاباک) هێرشی ئاسمانی کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بە گوێرەی میدیا عەرەبییەکان شاندی دانوستانکاری حەماس کراونەتە ئامانج، سوپای ئیسرائیل دەڵێت: سەرجەمیان کوژراون، بەڵام بزووتنەوەی حەماس کوژرانی سەرکردەکانی بزووتنەوەکە ڕەت دەکاتەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment