کارۆلاین لێڤێت: پێش وەختە قەتەر لە هێرشەکان ئاگادار کرابووەوە

سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پێش وەختە قەتەریان لە هێرشەکان ئاگادار کردبووە؛ هاوکات دوای هێرشەکان سەرۆکی وڵاتەکەی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و میری قەتەر کردووە.

سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، کارۆلاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە گوتی: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە هێرشەکەی ئیسرائیل نیگەرانە، چونکە قەتەر هاوپەیمانێکی گرنگی ئێمەیە و یەکێکە لە وڵاتانی نێوەندگیر و هەوڵی جددی بۆ ئاشتی دەدات.

جەختیشی کردەوە کە ئەمەریکا بەشداری هێرشەکان نەکردووە، ئەم کارانەش خزمەت بە ئامانجەکانی ئەمەریکا ناکات. باسی لەوەش کرد، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێش وەختە حکوومەتی قەتەری لە هێرشەکان ئاگادار کردبووەوە.

گوتیشی: دوای هێرشەکان ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد، ناتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئەو دەستبەجێ ئاشتی دەوێت. هاوکات ترەمپ پێی وایە ئەم ڕووداوە دەبێت وەک دەرفەتێک بۆ ڕاگەیاندنی ئاشتی ببینرێت. هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ تەمیم بن حەمەد سانی میری قەتەر کرد و پشتیوانی خۆی بۆ وڵاتەکە دووپات کردەوە، دڵنیای دا کە ئەم هێرشانە دووبارە نابنەوە.

هاوکات ترەمپ دەستبەجێ داوای ئازادکردنی هەموو بارمتەکان لە غەززە و کۆتاییهێنان بە شەڕ دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی (شاباک) هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەگوێرەی میدیاکان شاندی دانوستانکاری حەماس کراوەتە ئامانج.

ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ڕاگەیەنراوێکی لە بارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر چەند بارەگایەکی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بڵاو کردەوە. بە توندترین شێوە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر چەند بارەگایەکی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە دەوحە، سەرکۆنە دەکەین.

جەختی لەوە کردەوە، ئەم هێرشە تاوانکارییە پێشێلکارییەکی ئاشکرای هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها هەڕەشەیەکی جیددییشە لەسەر ئاسایش و سەلامەتی قەتەرییەکان

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment