ترەمپ: ناتانیاهۆ بڕیاری هێرشەکەی سەر قەتەری داوە نەک من

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر تاک لایەنە بوو، بڕیارەکەی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل درابوو، بڕیاری من نەبوو.

سێشەممە 9ی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: ئەم بەیانییە، ئیدارەکەم لەلایەن سوپای وڵاتەوە ئاگادار کرایەوە کە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر حەماس، " بەداخەوە" کە ئامانجەکەیان دەکەوتە دەوحەی پایتەختی قەتەر؛ ئەمە بڕیارێک بوو لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل درابوو، بڕیاری من نەبوو.

باسی لەوەش کردووە، سەرەڕای ئەوەی حەماس شایەنی لەناوبردنە، بەڵام هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر تاک لایەنە بوو، چونکە هێرشکردنە سەر وڵاتێکی خاوەن سەروەر و هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمەریکا کە زۆر بە جددی و ئازایانە لەگەڵ ئێمە کار بۆ ئاشتی دەکات، لەگەڵ ئامانجەکانی ئێمە ناگونجێت.

هەروەها نووسیویەتی: دەستبەجێ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکام ڕاسپارد کرد قەتەر لە هێرشەکان ئاگادار بکاتەوە، بەڵام بەداخەوە، بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان زۆر درەنگ بوو

دووپاتیشی دەکاتەوە، قەتەر وەک هاوپەیمانێکی بەهێز و دۆستی ئەمەریکا دەبینێت و زۆر بە داخە کە کراوەتە ئامانج، ئاماژەی داوە، دەیەوێت هەموو بارمتەکان ئازاد بکرێن و جەنگە کە کۆتایی پێبێت.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment