ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر کۆدەبێتەوە

بەگوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ چوارشەممە دانیشتنێکی بەپەلە ئەنجام دەدات، بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە، پایتەختی قەتەر، کە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسی کردە ئامانج. ئەم کۆبوونەوەیە بە داوای جەزائیر و پاکستانەوە دێت.
دوێنێ سێشەممە، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر قەتەر بە ئامانجی تیرۆرکردنی سەرکردە سیاسییەکانی حەماس. کۆشکی سپی ئەم ئۆپەراسیۆنەی بە "تاکلایەنە و بێ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل" وەسف کرد، و هۆشداری دا لە فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئیسرائیل هێرشەکەی بە "تەواوی ڕەوا" ناو برد. لە بەرامبەردا، قەتەر ئەم کارەی بە "ئۆپەراسیۆنی بە خیانەت و "تیرۆری دەوڵەتی" زانی. لای خۆیەوە شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر، ڕایگەیاند، ئەم هەڵمەتە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر هەوڵەکانی ئاشتی کە دەوحە نێوەندگیری تێدا دەکات لە نێوان حەماس و ئیسرائیل.
ئەم هێرشە دوای ئەو تەقەکردنەی ڕۆژی دووشەممە لە وێستگەیەکی پاس لە قودس ڕوویدا دێت و تێیدا شەش کەس کوژران. لیواکانی قەسام، باڵی سەربازی حەماس، بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان لە ئەستۆ گرت. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دوای هێرشی قودس و لەدەستدانی چوار سەربازی ئیسرائیلی لە غەززە، هێرشەکەی بۆ سەر قەتەر بە "تەواو ڕەوا" زانی. لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا، ناتانیاهۆ گوتی: "ڕۆژانی بێ سزای سەرکردە تیرۆریستییەکان بە هەر جۆرێک بێت کۆتایی هاتووە. ڕێگە بەو جۆرە بێ سزایە نادەم."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەسەر هێرشەکەی ئیسرائیل لە قەتەر لێدوانی دا و ڕایگەیاند، "هێرشکردنە سەر قەتەر بڕیارێکە لەلایەن ناتانیاهۆوە دراوە و هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نییە." ترەمپ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای خۆیەوە ئاماژەی بەوەدا، سوپای ئەمەریکا ئاگاداری کردووەتەوە کە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر حەماس لە قەتەر. هەروەها ڕایگەیاند، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئاڕاستە کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنی هاوکاری بەرگریی لەگەڵ قەتەر. ترەمپ گوتیشی: "هێرشەکە سەر دۆحە بە بۆچوونی من دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ ئاشتی."
سەرۆکی ئەمەریکا ڕوونیشی کردەوە "ستیڤ ویتکۆفی نێردەی ڕێنمایی کردووە کە قەتەرییەکان لە هێرشە نزیکەکە ئاگادار بکاتەوە، بەڵام زۆر درەنگ بووە بۆ وەستاندنی هێرشەکە." ئەو دڵنیایی بە قەتەرییەکان داوە "هەرگیز شتێکی لەو شێوەیە لەسەر خاکی ئەوان دووبارە نابێتەوە.