حووسییەکان هێرشێکی نوێیان بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاند

حووسییەکانی یەمەن شەوی ڕابردوو ڕایانگەیاند، هێرشێکی نوێیان بۆ سەر ئیسرائیل کردووە، بە بەکارهێنانی مووشەکێکی بالیستی هایپەرسۆنیک و درۆن. ئەم ڕاگەیاندنە چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل دێت بۆ سەر قەتەر .
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازی حووسییەکان، لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی کردەوە "هێزەکانیان مووشەکێکی بالیستی فرە سەری جۆری "فەڵەستین2"یان هەڵداوە، کە چەند شوێنێکی هەستیاری دەوروبەری قودسی کردووەتە ئامانج." دووپاتی کردەوە، هێرشەکە "ئامانجەکانی بەدەستهێناوە و بووەتە هۆی هەڵاتنی هەزاران دانیشتوو بۆ پەناگە."
هەر لەو بەیاننامەیەدا، حووسییەکان ڕاشیانگەیاند، "هێزکانیان لە یەک کاتدا هێرشێکی دیکەیان ئەنجامداوە بە سێ درۆن، کە فڕۆکەخانەی ڕامۆن و دوو ئامانجی گرنگیان لە ناوچەی ئوم ڕەشڕەش لە باشووری فەڵەستینی کردووەتە ئامانج." حووسییەکان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئۆپەراسیۆنەکە "بە وردی ئامانجەکانی خۆی پێکاوە."
تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەلایەن ئیسرائیلەوە لەسەر ئەم هێرشە نوێیە و ئاستی زیانەکانی بڵاونەکراوەتەوە. ئەم ڕووداوانە گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیاتر دەکەن و کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.