ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیل: هێرشەکەی دەوحە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر پلانی بۆ دانرابوو

ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنەکەی دۆحە، کە بووە هۆی هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حەماس، بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک پلانی بۆ دانراوە. بەپێی سەرچاوەکانی مەعاریف، دەزگای ئاسایشی "شاباک" لە چاوەڕوانی ئەنجامە کۆتاییەکانی هێرشەکەی قەتەر دایە. بەرپرسێکی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، "هیچ کەسێک لە باڵەخانەکەی دەوحە نەیدەتوانی ڕزگاری بێت."
لە کاتێکدا کۆمپانیای پەخشی ئیسرائیل ڕاپۆرتی داوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سەرەڕای ناڕەزایەتی بەرپرسانی ئەمنیی سەبارەت بە کاتی هێرشەکە، بڕیاری ئەنجامدانی هێرشەکەی دۆحەی داوە. لای خۆیەوە، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، تەلئەڤیڤ بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەماس و هۆشداری دا "ئەگەر هێرشەکەی دەوحە هەر ئامانجێکی لەدەستدا، ئەوا جارێکی دیکە لێیان دەدات."
دوێنێ سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردە سیاسییەکانی بزووتنەوەی حەماسی لە قەتەر دا، بەمەش بازنەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر کرد. واشنتن ئەم هێرشەی بە تاکلایەنە وەسف کرد و ڕایگەیاند، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا یان ئیسرائیل ناکات.
بەگوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی هێرشی ئیسرائیل. جەزائیر و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەندام داوای ئەم کۆبوونەوەیان کردووە.
بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، لە هێرشە کتوپڕەکەی دوێنێی دەوحە شەش کەس کوژراون، لەنێویاندا کوڕی خەلیل حەیە، کە کاریگەرترین کەسایەتی بزووتنەوەکەیە لە دەرەوەی وڵات. قەتەر بە توندی ئەو هێرشەی شەرمەزار کرد و بە "پێشێلکردنی ئاشکرای هەموو یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەیەکی ڕژدی بۆ سەر ئاسایشی" دانیشتووانی وڵاتەکەی وەسفی کرد.
لای خۆیەوە ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، هێرشەکە لە وەڵامی تەقەکردنی حەماس بووە کەڕۆژی دووشەممە دوو چەکداری حەماس شەش کەسیان لە وێستگەیەکی پاسدا کوشت، هەروەها هێرشێکی دیکە بۆ سەر سەربازەکانی ئیسرائیل لە غەززە.
قەتەر، هاوشانی میسر و ئەمەریکا، ڕۆڵی نێوەندگیر دەبینێت لە شەڕی غەززەی نێوان ئیسرائیل و حەماس، هەرچەندە دانوستانەکانی ئاگربەست ماوەی چەند مانگێکە وەستاون. چەند وڵاتێکی عەرەبی ئەو هێرشەیان شەرمەزار کرد، و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، و فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لەو سەرکردە جیهانیانە بوون کە ڕەخنەی خۆیان لەم هێرشە دەربڕی.