پۆڵەندا: ژمارەیەک درۆنی ڕووسی خستە خوارەوە

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هێزە چەکدارەکانی پۆڵەندا ژمارەیەک درۆنی ڕووسی خستووتە خوارەوە کە سنوورەکانی ئاسمانی وڵاتەکەیان تێپەڕاندبوو.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هێزە چەکدارەکانی پۆڵەندا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئەیلوولی 2025، لە هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، چەند درۆنێکی ڕووسی سنوورەکانی ئاسمانی وڵاتەکەیان تێپەڕاندبوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کردووە، ڕادارەکان زیاتر لە 10 درۆنیان ئاشکرا کرد و ئەوەی بۆ سەر ئاسایشی وڵات هەڕەشە بوو خراوەنەتە خوارەوە.
هەروەها ڕۆژنامەی پۆلسات نیووزی پۆڵەندی بڵاوی کردووەتەوە، کە درۆنێکی ڕووسی یەکێک لە خانووەکانی لە گوندی ڤیریکی لە ناوچەی لوبلین لە پۆڵەندا کەوتووەتە خوارەوە و زیانی بە خانوو و ئۆتۆمبێلێکی گەیاندوە.
دۆناڵد تاسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا لەو بارەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: لەگەڵ مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ و هاوپەیمانەکانی دیکەمان، لە پەیوەندییەکی بەردەوامین و داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی کردووە.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیاش ڕایگەیاندووە، ڕووسیا زیاتر بە 415 درۆن و 40 مووشەکی کروزی و بالیستیکی هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکەی.
هەروەها ئاماژەشی داوە، ڕووسیا هەمیشە دەیەوێت سنوورەکان ببەزێنێت، ئەگەر ڕووبەڕووی نەبنەوە ئەوا بەرەو دۆخێکی خراپ لە ناوچەکەمان دەبات.
لە ساڵی 2022ـەەوە لەو کاتەی شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەستیپێکردووە، چەندین جار درۆنی ڕووسی بۆ ئاسمانی ئەو وڵاتانەی هاوسنووری ئۆکرانیا لە نێویاندا پۆڵەندا و ڕۆمانیا چوونە، بەڵام تا ئێستا خۆیان لە خستنەخوارەوەیان بەدوور گرتبوو.
