شێوەکارێکی سلێمانی کار لەسەر چەمکە دەروونییەکان دەکات
شێوەکارێکی گەنجی سلێمانی بە ناوی چاوان ڕەحیم، لە نوێترین کاری هونەرییدا، پێشانگایەکی شێوەکاریی کردەوە کە تێیدا کار لەسەر چەمکە دەروونییەکانی مرۆڤ دەکات. پێشانگاکە بریتییە لە 21 تابلۆی هونەری کە بە ڕەنگی زەیتی ئامادە کراون.
چاوان ڕەحیم، دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانییە و لە قۆناغەکانی سەرەتای خوێندنییەوە حەزی لە کاری هونەری بووە و بە کوردستان24 گوت: ستایلی کارکردنم لە ژێر کاریگەریی ئەو ئەزموونانەدایە کە لە کۆلێژ لەگەڵ مامۆستاکانیدا هەم بووە. هەوڵم داوە شێوازی کارکردنی تایبەت بە خۆم بدۆزمەوە و لە ڕێگەی هونەرەکەمەوە گرنگترین بابەتەکانی کۆمەڵگا پیشان بدەم.
چاوان ڕەحیم ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەرەتای چوونە کۆلێژی، شارەزاییەکی ئەوتۆی لە بواری هونەردا نەبووە، بەڵام بە هاوکاریی مامۆستاکانی توانیویەتی بوارە جیاوازەکان بناسێت و ئەو بوارە هەڵبژێرێت کە بۆ ئەو گونجاوە.
ئەم شێوەکارە لە کارەکانیدا ستایلی "ئێکسپرێشنیزم" (Expressionism) بەکاردەهێنێت، کە بە کوردی بە "دەربڕینخوازی" ناودەبرێت. ئەم ستایلە جەخت لەسەر دەربڕینی هەست و سۆزی ناوەوەی هونەرمەند دەکاتەوە.
پێشانگاکەی چاوان ڕەحیم لەسەر چەمکی "میکانیزمی بەرگری" کاردەکات، کە بریتییە لەو ڕەفتارانەی مرۆڤ بە شێوەیەکی ئاگایانە یان نائاگایانە بەکاریاندەهێنێت بۆ خۆپاراستن لە دڵەڕاوکێ و ترس و ململانێ سۆزدارییەکان.
تابلۆکانی ئەم پێشانگایە، کە بەرزییان دوو مەتر و نیوە و پانییان مەتر و 40 سانتیمەترە، بە شێوەیەکی بازنەیی دانراون و دابەشبوون بەسەر دوو بەشی ناوەوە و دەرەوەدا. بەشی ناوەوەی تابلۆکان باس لە بابەتێک دەکات و بەشی دەرەوەشیان باس لە بابەتێکی تر دەکات.