بڵاوبوونەوەی پارەی ساختە لە خورماتوو زیادی کردووە

ماوەیەکە دیاردەی مامەڵەکردن بە پارەی ساختە لە قەزای خورماتوو سەریهەڵداوە و بووەتە هۆی نیگەرانییەکی زۆر لەناو هاووڵاتییاندا. 

یادگار ساڵح، پسپۆری ئابووری و خاوەن نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە خورماتوو، بە کوردستان24ی ڕاگەیاندووە، پارەی ساختە هەر لە کۆنەوە لە خورماتوو هەبووە، کە هۆکارەکەی بۆ مامەڵەکردن بە پارەی کاش دەگەڕێتەوە؛ بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا، ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، ئەم دراوە ساختانە بە کوالێتییەکی زۆر بەرز دروستکراون، بە شێوەیەک تەنانەت ئامێرەکانی جیاکردنەوەی پارەی ساختەش ناتوانن لە پارەی ڕاستەقینە جیایان بکەنەوە. بەهۆی ئەم کێشەیەوە، نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی پارە ناچار بوون مامەڵەکردن بە 50 دۆلاری بە تەواوەتی ڕابگرن.

یادگار ساڵح جەختی لەوە کردەوە کە بڵاوبوونەوەی پارەی ساختە کاریگەری خراپی لەسەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەیە، هەر لە فرۆشیارە بچووکەکانەوە تا گەورەترین بازرگانان. پێی وایە ئەو کەسانەی لە پشت ئەم کارەوەن، دەبێت گرووپێک بن کە تەکنەلۆژیای بەهێزیان لەبەردەستدا بێت بۆ چاپکردنی ئەم جۆرە پارانە بەو کوالێتییە بەرزە.

یادگار ساڵح ئاشکرای کرد، ناچار بوونە مامەڵە بە دینار کەم بکەنەوە و هەوڵ دەدەن زیاتر بە شێوەی ئەلیکترۆنی مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی خۆیان لە پارەی کاش و مەترسییەکانی دوور بگرن. گوتیشی "ئەم گروپە ساختەکارە هەلەکان دەقۆزنەوە و لە بۆنە و جەژنەکان و قەیرانە سیاسی و ئەمنییەکاندا، دراوە ساختەکان دەخەنە بازاڕەوە."

پسپۆرەکەی ئابووری داوای لە هاووڵاتییان کرد بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پارەدا بکەن و هەوڵ بدەن مامەڵەکانیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدەن.

جێی باسە، تا ئێستا هیچ کەسێک لە خورماتوو لەسەر بڵاوکردنەوەی پارەی ساختە دەستگیر نەکراوە و زەرەرمەندی یەکەمیش لەم ساختەکارییە، دوکاندار و خاوەن بزنسە بچووکەکانن.

 
 
Fly Erbil Advertisment