ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارەکانی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی تاوتوێ کرد، هاوکات داوای لە حکوومەتی فیدراڵ کرد پێشنیازی حکوومەتی هەرێم بکاتە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی داهاتە نانەوتییەکان.

 ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بە پێی ڕاگەیەنراوی ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنەکە، سه‌ره‌خۆشی ئاراستەی بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكار و هاوڕێيانى خوالێخۆشبوو سەعد خالید، وەزیری پێشووتری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان کرد، کە ئەمڕۆ بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

ئەنجوومەنی وەزیران، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات پێشنیازی حکوومەتی هەرێم بکاتە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی داهاتە نانەوتییەکان

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر دواپێشهاتی هەردوو دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و تاوتوێکردنی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ لەسەر ئەم دوو بابەتە، کە لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، وردەکارییەکان خرانەڕوو.

سەبارەت بە بابەتی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران جەختیکردەوە، کە پێشنیاری هەرێم سەبارەت بە پۆلێنکردنی داهاتی نانەوتی و شێوازی هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ پشتبەست بە هەردوو یاسای فیدڕاڵیی بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ـی ساڵی 2019 و یاسای بودجەی فیدڕاڵ ژمارە 13ـی ساڵی 2023 و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی کە بە ڕوونی چوارچێوەی یاسایی ئەم بابەتەیان دیاریکردووە، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات پێشنیازی حکوومەتی هەرێم بکاتە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی داهاتە نانەوتییەکان کە پشتبەستە بە یاسا فیدڕاڵییەکان و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، تا چیدی نەبێتە ئاستەنگی بەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئەنجوومەنەکە جەختی لەوە کردەوە، حکوومەتی هەرێم داوای شایستەکانی خۆی بە گوێرەی یاسا دەکات ئەمەش وا دەخوازێ حکوومەتی فیدڕاڵ، پێشنیاز و تێڕوانینى یاسایی حکوومەتی هەرێم لەم بارەیەوە قبووڵ بکات.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاسپێدرا بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان و لابردنی هەر ئاستەنگێک لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت

سەبارەت بە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمیش، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، هەموو ئەو هەنگاو و ڕێکار و ئاسانکارییانەی وەزارەتەکەی خستەڕوو کە لە پێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئەنجامیان داوە و بەردەوامیشە لە هەوڵەکانی خۆی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و هاوسەنگی سێ لایەنە کە لە بەرژەوەنديی گشتی بێت بە ئاراستەی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ گەنجینەی فیدڕاڵی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی سامانە سروشتيیەکان ڕاسپێردرا بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتە هەڵپەسێردراوەکان و لابردنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک.

بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی کۆنووسی هاوبەشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە پێشنیاریان سەبارەت بە پیادەکردنی یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ژمارە (38)ـی ساڵی 2007 بۆ ئەو خانەنشینانەی کە ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە کە لەلایەن شۆڕش ئیسماعيل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە و عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، خرایەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە، کە پشتیوانی لە هەر ڕاسپاردە و بڕیارێک دەکات لە بەرژەوەنديی هێزەکانی پێشمەرگە بێت، بە ئاراستەی باشترکردنی مووچەی خانەنشینی و شایستە داراییەکانیان.

وەزارەتی دارایی ڕاسپێردرا بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە خەرج بکات

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتیمانیی فیدراڵ، ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی باشترین بژاردەی یاسایی کە دابینکەری باشترین مووچەی خانەنشینی بێت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کە شایانی باشترین خزمەتن، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەنديی هێزەکانی پێشمەرگە وەک بەشێکی گرنگ لە سیستمی بەرگريی نیشتیمانی کە بەرپرسیاریەتيی بەرچاویان هەیە لە پاراستنی خاک و نیشتیمان، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە خەرج بکات کە دواکەوتووە.

لە بڕگەی سێیەمدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشنیار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریيان سەبارەت بە ئاسانکاریی پێشینە و قەرزەکانی تایبەت بە بوارەکانی (خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و نیشتەجێکردن و گەشتیاری) خستەڕوو، کە لە ساڵانی پێشتر، لە لایەن بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە هاووڵاتییان دراوە.

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێخۆشبوونی بە ڕێژەی 15% لە پێشینە و قەرزەکانی سەر وەزارەتی دارایی دا

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا ئاسانکاریی پێویست بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە پێشتر سوودمەند بوون لە پێشینە و قەرزەکانی بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی بکات، ئەویش بە لێخۆشبوون بە ڕێژەی 15%ـی بڕی ئەو پێشینە و قەرزانە، سەرەڕای لێخۆشبوون لە تەواوی سوودی بانکی و پێبژاردنی دواکەوتنی دانەوەی قەرزەکان، ئەم ئاسانکارییەش تاوەکوو 2025/12/31 بەرکار دەبێت بۆ ئەو هاووڵاتیيانەی دەیانەوێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرن. ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد ڕێنمایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەربکات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment