ترەمپ: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر ناژیرانە بوو

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بە پشتبەستن بە بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، بڕیارەکەی بۆ بە ئامانجگرتنی حەماس لە ناوخۆی قەتەر "ناژیرانە" بووە.
لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆناڵد ترەمپ بە ناتانیاهۆی ڕاگەیاندووە، بە ئامانجگرتنی حەماس لە قەتەر ناژیرانە بووە، لە وەڵامدا ناتانیاهۆ گوتویەتی: پەنجەرەی هێرشەکان کورتە و ئەویش سوودی لێ وەرگرتووە. بەڵام لە پەیوەندیی دووەمدا کە ڕۆژی سێشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، کراوە دۆستانە بووە، تێیدا ترەمپ پرسیاری لە ناتانیاهۆ کردووە کە ئایا هێرشەکە سەرکەوتوو بووە یان نا.
پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندبوو "دڵخۆش نییە" بە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر لەکۆبوونەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسی کردە ئامانج. ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی وتووە: "بە سادەیی دڵخۆش نیم بە هەموو دۆخەکە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "دەمانەوێت بارمتەکان بگەڕێنەوە، بەڵام دڵخۆش نین بەو شێوەیەی کە ئەمڕۆ کارەکان بەڕێوەچوون"، ئاماژەی بە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە کرد. ڕۆژی سێشەممە، ترەمپ ڕایگەیاندبوو، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر بڕیارێکە لەلایەن ناتانیاهۆوە دراوە.
ترەمپ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی تروس سۆشیالی خۆیەوە ڕایگەیاند: "هێرشکردنە سەر قەتەر بڕیارێکی ناتانیاهۆ بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نەبووە." هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، "سوپای ئەمەریکا ئەمڕۆ ئیدارەی ئێمەی ئاگادارکردووەتەوە کە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر حەماس لە پایتەختی قەتەر."
گوتی: "من مارکۆ ڕۆبیو، وەزیری دەرەوەم ئاڕاستە کردووە، ڕێککەوتنی هاوکاریی بەرگریی لەگەڵ قەتەر تەواو بکات."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێرشەکەی سەر دەوحە بە بۆچوونی من دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ ئاشتی."
سەرۆکی ئەمەریکا ڕوونیکردەوە "ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری وڵاتەکەی ئاڕاستەی قەتەرییەکان بکات لە هێرشە نزیکەکە، بەڵام زۆر درەنگ بوو بۆ وەستاندنی هێرشەکە." جەختیشی کردەوە، قەتەرییەکان دڵنیا دەکاتەوە "هەرگیز شتێکی لەم شێوەیە لەسەر خاکەکەیان دووبارە نابێتەوە."