سەرۆکی ئیسرائیل: بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ حەماس ئامادەین

ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، ئیسرائیل "بۆ ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە" بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ حەماس ئامادەیە، سەرەڕای ئەوەی هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممە شاندی بزووتنەوەی فەڵەستینی لە قەتەر کردە ئامانج، لەکاتێکدا پێداچوونەوەی بە دوایین پێشنیازی ئاگربەستدا کرد.

لە وەڵامی پرسیاری سی ئێن ئێن ئایا هێرشی دەوحە بەو مانایە دێت، ئیسرائیل ئارەزووی ئاگربەستی نییە، هێرزۆگ جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل دەیەوێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.

هێرزۆگ لە میانی بۆنەیەکدا لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی چاتام هاوس لە لەندەن گوتی: "ئیسرائیل بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو، ئامادەیە بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە و گەڕانەوەی بارمتەکانمان و بەردەوامبوون." ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە ئەوەیە کە ئیسرائیل دەیەوێت بیکات، چاوەڕوانی و چاوەڕوانییە، بەردەوام دەبینین کە ئەوان (حەماس) چۆن مانۆڕ لەگەڵ پێشنیازەکان دەکەن." هێرزۆگ ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل "نزیکەی تەواوی ساڵی ڕابردوو" ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێشنیازەکانی ئاگربەست، جەختیشی کردەوە، حەماس زۆرجار "حەبێکی ژەهراوی" دەخاتە ناو دانوستانەکانەوە.

دوێنێ چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشدارییەکی بۆ قەتەر بڵاوکردەوە، ئەمەش دوای ڕۆژێک لە هێرشی ئیسرائیل لە دەوحە، شوێنی نیشتەجێبوونی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسی کردە ئامانج.

ناتانیاهۆ لە وتارێکی ڤیدیۆیی بە زمانی ئینگلیزی کە لەلایەن میدیای ئیسرائیلەوە پەخشکرا، گوتی: "من بە قەتەر و بە هەموو ئەو وڵاتانەی کە تیرۆریستان لەخۆگرتووە دەڵێم: یان دەریان بکەن یان بیانخەنە بەردەم دادگا. چونکە ئەگەر ئێوە نەیکەن ئێمە دەیکەین."

دیپلۆماتکارێکی ئاگادار لە دانوستانەکان بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاند، پێشبینی دەکرا ئێوارەی سێشەممە حەماس وەڵامی دوایین پێشنیازی ئاگربەست بۆ غەززە بداتەوە کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، پێش ئەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل لە دەوحە ئەو پلانانە لە ڕێڕەوی خۆی دەربهێنێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment