مافیاکانی دەرمان بازاڕەکانی ئێرانیان قۆرغ کردووە

تۆڕێکی شاراوە لە بازاڕی دەرمانی ئێراندا هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی شێوازی دابەشکردنی دەرمان بکات. ئەم تۆڕە، کە بە "مافیای دەرمان" ناسراوە، بەهۆی کاریگەریی لە بڕیارە گەورەکاندا، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دەرمان و هەڕەشە لە ژیانی نەخۆشەکان. 

ڕۆژنامەی ئیتلاعات، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە "ئەم قەیرانە، تەنانەت حەبی سادەی ئازارشکێنیشی گرتووەتەوە، بەڵام کاریگەریی هەرە خراپی لەسەر دەرمانی نەخۆشییەکانی شەکرە، هیمۆفیلیا و شێرپەنجە هەیە. کەسانێک کە تووشی ئەو نەخۆشیانە بوونە، دوای گەڕانێکی زۆر، بە دەستی بەتاڵ لە دەرمانخانەکان دەگەڕێنەوە و ناچاردەبن بە نرخێکی یەکجار گران لە بازاڕی ڕەشدا بیانکڕن."

ناهیدی تەمەن 34 ساڵ، کە دوو ساڵە تووشی شێرپەنجەی گەدە و هێلکەدان بووە، نموونەیەکە لە قوربانییانی ئەم مافیایە. ئەو دەپرسێت "ئەگەر دەرمانی شێرپەنجە بەهۆی گەمارۆکانەوە کەمە، چۆن هەمان دەرمان بە نرخی چەندان بەرانبەر، لە بازاڕی ڕەشدا دەست دەکەوێت؟" 
ناهید، ناچارە بۆ هەر چارەسەرێکی کیمیایی، سێ دەرزی "Epirubin" بە نرخی 40 ملیۆن تومەن لە بازاڕی ڕەشدا بکڕێت. ئەمەش دەری دەخات کە کێشەکە تەنها پەیوەندی بە گەمارۆکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە مافیایەکەوە کە لە سێبەری بێدەنگیی دامەزراوە چاودێرییەکاندا، ژیانی نەخۆشەکانی کردووەتە بارمتەی قازانجی خۆی.

دکتۆر سیمین کازمی، پسپۆڕی کۆمەڵناسیی پزیشکی، جەخت لەوە دەکاتەوە "تێچووی بەرزی چارەسەر، خەڵکی چینی کەمداهاتی تووشی هەژاریی ڕەها کردووە و چینی ناوەڕاستیشی هەژار کردووە؛ بەجۆرێک، هەندێک نەخۆش واز لە چارەسەر دەهێنن چونکە توانای کڕینی ئەو دەرمانە گرانانەیان نییە."

دکتۆر کازمی، دەڵێت: بەشێک لە کێشەکە ڕکابەریی نێوان هاوردەکاران و بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی دەرمانە. هەندێک لە هاوردەکاران و پزیشکانی دەستڕۆیشتوو هەوڵ دەدەن دەرمانی ناوخۆیی بێسوود نیشان بدەن بۆ ئەوەی دەرمانی گرانبەهای بیانی بفرۆشن و قازانجێکی زۆر بکەن. لە کاتێکدا کە زۆرجار نموونەی ناوخۆیی دەرمانەکان لە بازاڕدا هەن.

دکتۆر شەهرام کەلانتەری خاندانی، سەرۆکی کۆمەڵەی دەرمانسازانی ئێران، دان بەوەدا دەنێت کە نزیکەی 100 جۆر دەرمانی سەرەکی و پێویست لە وڵاتدا کەمن. ئەو هۆکارەکانی وەک گەمارۆکان، کێشەی گواستنەوەی پارە، و ناجێگیریی نرخی دراو دەکاتە بیانووی ئەو کەمبوونە. 

دکتۆر خاندانی، ڕەخنە لە شکستی پلانی "هاوکاریی دەرمانی" دەگرێت و دەڵێت: بەهۆی کەمکردنەوەی بودجەکەی لە پەرلەمان، ئەم پلانە بەردەوام ڕووبەڕووی کەمیی پاڵپشتی دارایی دەبێتەوە، ئەمەش وایکردووە پارەی دەرمانخانەکان لە کاتی خۆیدا نەدرێت، کە لە ئەنجامدا سەرجەم زنجیرەی دابینکردنی دەرمان، لە دەرمانخانەوە تا کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان پەکیان کەوتووە.

وەک چارەسەر، پسپۆڕان پێشنیاری دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ پلانی "هاوکاریی دەرمانی" و زیادکردنی چاودێری لەسەر کوالێتیی دەرمانی ناوخۆیی دەکەن، بۆ ئەوەی کۆتایی بەم قەیرانە بهێنرێت کە ژیانی هەزاران نەخۆشی خستووەتە مەترسییەوە.

 

 
Fly Erbil Advertisment