دەزگای خێرخوازی بارزانی سەنتەری ئۆتیزمی حکوومی نۆژەن دەکاتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2025، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەزگاکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ "ڕابیتەی مەساریفی تایبەتی عێراقی" سەنتەری حکوومی ئۆتیزم نۆژەن دەکاتەوە.

موسا ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە و دەزگای خێرخوازی بارزانی لە یەکەم ڕۆژەوە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردن. گوتیشی، سەنتەرەکانی ئۆتیزمی دەزگاکەیان نموونەیین و کاریگەرییەکی زۆریان هەبووە، بەتایبەت لە گەڕاندنەوەی منداڵانی ئۆتیزم بۆ خوێندنی ئاسایی. وەک نموونە، ئاماژەی بەوەدا کە 63 منداڵی ئۆتیزم لە سەنتەری ئیماراتی لە هەولێر گەڕاونەتەوە خوێندنی ئاسایی، کە ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە.

سەرۆکی دەزگاکە دووپاتیشی کردەوە، ئامادەن بۆ پێشکەشکردنی ڕاهێنان، شارەزا و مامۆستا و دابینکردنی کەلوپەل بۆ هەموو ئەو سەنتەرانەی پەیوەندییان بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە هەیە.

 
Fly Erbil Advertisment